رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕ و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، پشتیوانییەکی گەورەی پێشکێش بەخێزانی هاونیشتمانییەکەی دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کرد، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گیانی لەدەستداوە.
جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێنەوە لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستدا و رۆژی شەممەی رابردوو لە پرسەیەکی پڕ شکۆدا ماڵئاواییان لێکرا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان و هاوڕێیانی ئێستا و پێشووی لە ریزەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی لیڤەرپوول ئامادەبوون.
ئەوەی بووە جێگەی رەخنەی خەڵکێکی زۆر ئەوەبوو کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پرسەی جۆتای هاوڕێی ئامادە نەبوو، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، پێش ئەوەی خێزانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، چ دایکی بێت یان خوشکەکەی کاتیا ئاڤێرۆ، هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی روونبکەنەوە، کە هۆکارەکەیان بۆ خۆبەدوورگرتن لە قەرەباڵخی کامێراکان و دروستکردنی پشێوی، کە سیناریۆیەکە پێشتریش لە کاتی پرسەی باوکی رۆناڵدۆدا روویدابوو.
سەرچاوەکان بە رۆژنامەی ئەپۆلای پۆرتوگالییان راگەیاندووە کە رۆناڵدۆ دوای رووداوەکە بەڵێنێکی بە هاوژینی دیۆگۆ جۆتا داوە کە وەک پاڵپشتێک بۆیان دەمێنێتەوە و لەماوەی داهاتوودا لەگەڵیاندا دەبێت.
رۆژنامە پۆرتوگالییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە رۆناڵدۆ بەهۆی نیگەرانی لە قەرەباڵخی میدیاکان بۆ وێنەگرتنی، بڕیاری داوە ئامادەی پرسەکەی جۆتا نەبێت، چونکە ئەمە بەس بوو بۆ دروستکردنی پشێوییەکی گەورە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا.
رۆژنامەکە جەختی لەوەش کردەوە کە رۆناڵدۆ تەنیا قسەی لەگەڵ هاوژینی جۆتا نەکردووە، بەڵکو پەیوەندیشی بە دایک و باوکی جۆتاوە کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە دوای لەدەستدانی یاریزانە کۆچکردووەکە و ئاندرێی برای، کە هەمیشە پشتیوانی بەردەوامیان دەبێت، بەتایبەتی کە جۆتا هاوڕێیەکی نزیک و ئازیزی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ