ڤیدیۆ؛ نۆیەر نەشتەرگەری بۆ کراوەتەوە و بایرن پەیامی هەیە

08-08-2023
ئیحسان تاهیر
مانوێل نۆیەر
مانوێل نۆیەر
نیشانەکردن مانوێل نۆیەر بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یەکەمی یانەی بایرن میونشن نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە بۆ لابردنی تەنێکی کانزایی لە جەستەیدا، کە پێشتر لە چوارچێوەی نەشتەرگەرییەک بۆ چاککردنەوەی شکانێکی قاچی بۆی دانرابوو.
 
وەرزی رابردوو بەهۆی نۆیەر لە رووداوێکی خلیسکانی سەر بەفردا تووشی شاکانی قاچی بوو، ئەوکات نەشتەرگەری بۆ کراو ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
 
بایرن میونشن رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەو نەشتەرگەرییەی رۆژی پێشوو بۆ نۆیەر ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی چارەسەری نۆیەردا بوو و کاپتنی یانەکە راستەوخۆ گەڕاوەتەوە بۆ مەشقەکان، بەڵام هیچ کاتێکی دیارینەکرد بۆ ئەگەری گەڕانەوەی گۆڵپارێزەکە بۆ یاریکردن.
 
یانەی بایرن میونشن رۆژی شەممە رووبەڕووی لایپزیگ دەبێتەوە لە جامی سوپەری ئەڵمانیا کە پاڵەوانی خولەکە و پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا ئەنجامی دەدەن، دواتر هەژدەی مانگی ئاب کاروانی بەرگریکردن لە نازناوی خولی ئەڵمانیا دەستپێدەکات، بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ڤێردێربرێمەن.
 
نۆیەری تەمەن 37 ساڵ لە دوای یارییەکانی مۆندیالی قەتەر لە ساڵی رابردووەوە هیچ یارییەکی نەکردووە، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بەهۆی رووداوێکی خلیسکانی سەربەفر قاچی شکا، هەروەها لە گەشتە ئامادەکارییەکەی بایرن لە ژاپۆن و سەنگاپوور بۆ وەرزی نوێ، بەشداری نەکرد، و بەرپرسیارێتی پاسەوانیکردنی گۆڵی تیپەکە کەوتە ئەستۆی گۆڵپارێزی سویسری یان سۆمەر، کە لە مانگی یەکی رابردوودا وەک جێگرەوەیەک بۆ نۆیەر پەیوەندی بە تیپەکەوە کرد، جگە لە گۆڵپارێزی دووەم، سڤێن ئۆلریچ. بەڵام رۆژی دووشەممە یان سۆمەری سویسری رووی لە ئینتەرمیلان کرد، بایرن میونشنیش گۆڵپارێزی سێیەمی خۆی، ئەلێکساندەر نۆبیلی بە خواستن رەوانەی شتوتگارت کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە