پاڵەوانێکی کورد ستایلی بروسلی دەخوێنێت

08-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هیمداد نوری
A+ A-
رووداو هەولێر 

هیمداد نوری، تایکواندۆکارێکی کوردە و لە ئەڵمانیا دەژی، دوو ساڵە یاریی گیلۆنگ داو ئەنجامدەدات، کە ستایلێکی تایبەتی یارییە جەنگییەکانە و بروسلیی ئەفسانەی یارییە جەنگییەکان ئەو یارییەی داهێناوە. 
 
ئەو وەرزشوانە کوردە، تەمەنی 32 ساڵە، لە 2004ـەوە خولیای بووەتە یاریی تایکواندۆ، خەڵکی شاری هەولێرە و ساڵانێکی زۆر لە هۆڵ و ریزەکانی یانەکانی هەولێر یاریکردووە، لەسەر ئاستی  پاڵەوانێتیی کوردستان پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
 
ئەلفێرد گیهلان، شارەزایەکی گەورەی یاریی گیلۆنگ داوە، ئەڵمانییە و لە قوتابخانەی بروسلی پێگەیشتووە، هۆڵی تایبەتی لە ئەڵمانیا هەیە. هیمداد نوری، پاڵەوانی کورد توانی ئەزموونێکی باشی لەوێ وەرگرت و وەک پاڵەوانێک بڕوانامە و پشتێنی باوەڕپێکراوی لەو یارییەدا بەناوی کوردستانەوە وەرگرت. 
 
تایکواندۆکارە کوردەکە 7 ساڵە لە شارۆچکەی ئیتزهۆی لە باکووری ئەڵمانیا دەژی، ژیانی هاوژینی لەگەڵ خانمێکی ئەڵمانی پێکهێناوە، لە یەکێک لە هۆڵەکانی یاریی تایکواندۆ، مامۆستای وەرزشە و لە هەمانکاتدا وەک یاریزان لە پاڵەوانێتییەکاندا یارییان بۆ دەکات.
 
هیمداد نوری، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس، گوتی "شانازی دەکەم کە وەک وەرزشڤانێکی کورد یاریی گیلۆنگ داو فێربووم، خەونی من ئەوەیە خزمەتی کوردستان بکەم و دەرفەتم پێبدەن بێمەوە لە هەولێر ئەم یارییە بۆ هێزە ئەمنییەکان باس بکەم، لەبەرئەوەی جەنگییە و پێویستە کارمەندانی ئەمنی فێری ببن کە بەشێوەی زۆر بەهێز دەتوانیت بەرامبەرەکەت ببەزێنیت". 
 
هیمداد نوری، خاوەن پشتێنی 3 دانی رەشی نێودەوڵەتییە، بۆ خولی راهێنان چووەتە وڵاتانی ئیندۆنیزیا و کۆریای باشوور، ساڵی داهاتوو دەبێتە خاوەنی پشتێنی 4 دانی ماستەری نێودەوڵەتی. 
 
لەبارەی کار و پلانی داهاتووی، هیمداد نوری بە روووداو سپۆرتیس گوت "لە یانەیەکی ئەڵمانیش یاریی تایکواندۆ دەکەم، 20ـی ئەم مانگە بەشداری پاڵەوانێتییەکی سەر ئاستی ئەورووپا دەکەم کە تیپەکانی ناوخۆی ئەڵمانیا و دانیمارک لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەورووپا بەشدارن و دەمەوێت دەسکەوتم هەبێت". 
 
یاریی تایکواندۆ لە کۆریای باشوور داهێندراوە، لە دوای هاتنی هێزی زەیتوونی سەربازی کۆریای باشوور بۆ شاری هەولێر، ئەم یارییە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە. 
 
یاریی تایکواندۆ لە 1970 گەیشتووەتە عێراق، لە 1986 لە هەولێر یارییەکە ئەنجامدراوە، ئێستا 35 هۆڵی یاریی تایکواندۆ لە پارێزگای هەولێر هەیە و زیاتر لە دووهەزار یاریزانی ئەو یارییە هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە