قۆناخە ئاگرینەکەی گەیشتن بە مۆندیال لە ئاسیا دەستپێدەکات

08-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا دەستپێدەکات و ئەمڕۆ دوو یاریی بەڕێوەدەچن.
 
لە یەکەم یارییدا کاژێر 18:00 هەڵبژاردەی قەتەر لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یاری دەکات و یارییەکە لە یاریگەی جاسم بن حەمەد بەڕێوەدەچێت.
 
جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری ئیسپانی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی قەتەر دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و نزیکببێتەوە لە گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
 
ئەوەی بۆ هەموو چاوەڕواننەکراوە، بانگهێشتکردنی سێباستیان سوریایە بۆ هەڵبژاردەی قەتەر، لەکاتێکدا چەندین ساڵە لە هەڵبژاردەکە یاریی نەکردووە و ئێستا تەمەنی 41 ساڵە و 8 ساڵە یاریی بۆ هەڵبژاردەکە نەکردووە.
 
جگە لەوەش حەسەن هەیدۆس، جارێکی دیکە بە درێسی هەڵبژاردەی قەتەرەوە دەردەکەوێتەوە، لەکاتێکدا دوای بردنەوەی جامی ئاسیا بڕیارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردنی نێودەوڵەتی بهێنێت.
 
هەڵبژاردەی عومان بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال ئامادەیە و لە یەکەم یارییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی قەتەر دەبێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە هەڵبژاردەکە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و دەیەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت، سەرەڕای ئەوەی یارییەکانی پاشکۆ لە قەتەر و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامدەدەن.
 
بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عومان، کارلۆس کیرۆش، راهێنەری بە ئەزموونی پۆرتوگالیی وەکو راهێنەری هەڵبژاردەکە دەستنیشانکردووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 
هەردوو هەڵبژاردە 35 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، 7 جار لە قەتەری بردووەتەوە و 19 یاریی دۆڕاندووە، 7 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەردوولا زۆر گرنگە و ئەوەی سێ خاڵەکە دەباتەوە نزیکدەبێتەوە لە گەیشتن بە مۆندیال.
 
عومان هەرگیز بەشداریی لە رکابەرییەکانی مۆندیالدا نەکردووە، دەیەوێت سوود لەم هەلە مێژووییە وەربگرێت بۆ ئەوەی بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا بگاتە ئەو رکابەرییە جیهانییە.
 
لە دەستپێکی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەی سعودیە لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی ئیندونیزیا دەبێتەوە.
 
یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمی پاشکۆی پاڵاوتنەکان لە جەددەی سعودیە دەکرێن، لە یەکەم یارییدا سعودیە و ئیندونیزیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە کاژێر 20:15
 
هەڵبژاردەی سعودیە لە ژێر سەرپەرشتی هێرڤی رێنار، راهێنەری فەرەنسی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاوی لەوەیە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا رکابەری لەسەر بردنەوەی بلیتی ئەو کۆمەڵەیە بکات بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
سعودیە بەر لە یارییەکەی ئەمشەو 16 جار بەرامبەر ئیندونیزیا یارییکردووە، تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 3 جار یەکسانبوون و لە 12 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 8 جاریش گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە، تیپەکە دەیەوێت بە پشتبەستن بەو مێژووە یارییەکەی ئەمشەو بکات بۆ بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ.
 
سعودیە 7 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، دوایینجار مۆندیالی رابردوو لە قەتەر کاتێک لە یەکەم یارییاندا مێژوویان تۆمارکرد و لە ئەرجەنتینان بردەوە.
 
هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا تاکە هەڵبژاردەی رۆژهەڵاتی ئاسیایە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانە و لە نێو شەش هەڵبژاردەی بەشدار تاکە هەڵبژاردەیە عەرەب نەبێت و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بکات.
 
هەڵبژاردەی لەژێر سەرپەرشتی پاتریک کلویڤێرت، راهێنەری هۆڵەندی و ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا خۆی بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئامادەکردووە و دەیەوێت ئەمشەو بەرامبەر سعودیە ئەنجامێکی باشی هەبێت، هەرچەند ئەرکیان ئاسان نییە.
 
ئیندۆنیزیا بەرامبەر سعودیە ئەنجامەکانی باش نین، بەڵام دەیەوێت پشت لە ئەنجامە خراپەکانی بکات بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە و نایەوێت ئەم هەلە مێژووییەی بە ئاسانی لەدەستبچێت.
 
هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا لە ساڵی 1938 بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لەو کاتەوە بەشداریی نەکردووەتەوە و دوای 87 ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە بەشداری بکاتەوە.
 
رۆژی شەممەی داهاتوو لە دووەم یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا ئیندۆنیزیا بەرامبەر عێراق یاری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە