رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی سێلتا ڤیگۆ دۆڕا.
ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی سێلتا ڤیگۆی کرد، دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
ئەمە یەکەمجار لە دوای ساڵی 2006ـەوە کە دەکاتە 19 ساڵ، سێلتا ڤیگۆ لەنێو یاریگەی ریال مەدریددا بردنەوە تۆمار دەکات، یەکەمجارە یانەکە بەبێ ئەوەی گۆڵی لێبکرێت لە یانەی شاهانە دەباتەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا.
ریال مەدرید لە دوایین 7 یارییدا بەشێوەیەکی گشتی تەنیا 2 بردنەوەی هەیە، لە دوایین 5 یاریی لالیگادا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە.
بەم دۆڕانە یانەی شاهانە چوار خاڵ کەوتە دوای بارسێلۆنا، جگە لەوەش ئیدێر میلیتاوی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا، فران گارسیا، ئەلڤارۆ کارێراس و ئێندریک کارتی سووریان وەرگرت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "دوای دۆڕانەکە ئەلۆنسۆ نەچووەتەوە ژووری جلگۆڕین و قسەی لەگەڵ هیچ یاریزانێک نەکردووە، یاریزانەکان لەنێو خۆیاندا هاواریان کردووە، شەقیان لە کەلوپەلەکانی ژوورەکەدا هەڵداوە و بەشێکیان شکێنراون."
هەندێک یاریزان نەفرەتیان بۆ ناوبژیوان ناردووە و بە هۆکاری شکستەکەیان دەزانن، بەڵام هەندێکی دیکە وەڵامیان داوەتەوە و گوتویانە ئەمە تەنیا بیانوویەکی بێمانایە، باش یاریمان نەکردووە و بەپرسین لەو شکستە.
هەر بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدرید لەبارەی دۆخی یانەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ کراوە، ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی راهێنەرەکەوە هەیە و ئەگەری هەیە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی دوایین هەل بێت بۆ راهێنەری ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ