رووداو - دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن شەش ساڵانی شاری هەولێر، لە پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی عێراق، پلەی دووەمی بەدەستهێنا و یەکێتیی تێنسی سەرزەوی عێراقیش بە فەرمی ناوی دەخاتە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-01-2023 باهۆز مستەفا، باوکی یاریزانە تەمەن شەش ساڵانەکە بە رووداوی گوت "کیانی کوڕم لە پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەویی عێراق بەشداریکرد کە لە یاریگەی شەعبی بەغدا بەڕێوەچوو و توانی پلەی دووەم لە ئاستی عێراق بەدەستبێنێت".
باهۆز مستەفا گوتی:" لە پاڵەوانێتییەکەدا 16 یاریزان بەشدارییان کردبوو کە تەمەن 8-16 ساڵان بوون، هەرچەندە کیان تەمەنی تەنیا شەش ساڵە، بەڵام ئەویش وەکو هەشت ساڵان هەژمارکرا و بەشداریکرد و توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت".
کیان باهۆز مستەفا، تەمەنی شەش ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، چەند ساڵێکە ماڵباتەکەی گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر. وەکو یاریزانی تێنسی سەرزەوی، لەلایەن راهێنەر بژار ئەکرەمەوە راهێنانی پێدەکرێت.
باهۆز مستەفا گوتی" یەکێتیی تێنسی سەرزەوی عێراق ناوی کیان-یان وەکو یاریزانی هەڵبژاردە تۆمارکردووە و داوایان لێکرد لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا بەشداری بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ