رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەهێزەوە کاردەکات بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی سوپەر لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
میدیای ئیسپانی و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بە گرنگییەوە باس لە هەوڵەکانی ئەو یانەیە دەکەن، بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، بەتایبەتیش ئەگەر یانەی ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ بباتە ریزەکانی، کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات.
یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مینۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی هالاند دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی رێکارەکانی گواستنەوەی هالاند بگرنە بەر و دەستەوارەی خۆیان پێشکێشی یاریزانەکە بکەن، هالاندیش بڕیاری خۆی بدات، کە وەک راپۆرتەکان باسی دەکەن ئەو یاریزانە بڕیارییداوە لە دۆرتموند بڕوات، بەڵام هێشتا یانەی داهاتووی دەستنیشان نەکردووە.
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت پێش ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە نەرویجییە بنێت، گرێبەستی هالاند یەکلابکاتەوە، بەتایبەت کە ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە سەقاڵی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێیە و ئامانجی یەکەمی یانەی شاهانە گواستنەوەی ئەو ئەستێرە فەرەنسییەیە.
بارسێلۆ بە ستراتیژییەکی گەورەوە دەیەوێت بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی هاوینی داهاتوو، بۆ ئەوەی کار بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی و گەڕاندنەوەی بۆ نێو رکابەرییەکان بکات، یەکەم هەنگاویشیان لە گواستنەوەی داهاتوودا گواستنەوەی هالاند دەبێت، وەک میدیای کەتەلۆنی باسیدەکات.
بارسێلۆنا لە گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا چوار گرێبەستی واژۆکرد، دانی ئەلڤێش و پیێر ئۆبامیانگی بێبەرامبەر گواستەوە، فێران تۆرێسی بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ لە مانچێستەر سیتی کڕی و ئاداما ترواورێش، بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەکەوە کرد.
یانە کەتەلۆنییەکە دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ، لە یاریی رابردووی لالیگادا بەهێزەوە دەرکەوت و بەبردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید خۆی گەیاندە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە و لە ئەگەری بردنەوەی یارییە دواخراوەکەی دەچێتە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە هێشتا هاندەران هیوایەکیان بە یانەکەیان هەبێت.
بارسێلۆنا لەکاتێکدا کار بۆ گواستنەوەی هالاند دەکات، گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای سپۆتیفای ئەنجامدەدات کە ساڵانە 75 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی سێ ساڵ دەداتە یانە کەتەلۆنییەکە، بەمەش یانەکە لە رووی ئابوورییەوە بارودۆخی بەرەو باشی دەچێت و دەتوانێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەی گەورە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ