دهۆک بۆ شەوێکی مێژوویی ئامادەیە و هاندەران مەسعود میرال شۆک دەکەن

10-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک خۆی بۆ یارییەکی مێژوویی ئامادەدەکات و دەیەوێت وەکو یەکەم یانە لە مێژووی کوردستان و عێراقدا بگاتە یاری کۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان.

یانەکە شەوی یەکشەممە یەکەیەکی مەشق و راهێنانی کراوەی لەبەردەم چاوی کامێرەی میدیاکان ئەنجامدا و ژمارەیەکی زۆری هاندەر بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە لە مەشق و راهێنانەکانی یانەکەدا ئامادەبوون.
 
دهۆک خۆی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو، بەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعودی ئامادەدەکات، کە رۆژی چوارشەممە کاژێر 21:00 لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت.
 
ئەلهویێن چیا لە یاریی چووندا لەنێو سعودیە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی ئیتیفاقی بردووەتەوە، بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یاریی گەڕانەوەدا یانەکە دەبێتە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و یانەی دهۆک نایەوێت ئەم هەلە مێژووییە لەدەستبدات.
 
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "پێشتر گوتوومە، یارییەکە 180 خولەکە و هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە، ئەوەی رۆیشت تەنیا لێ لێ بوو و لۆ لۆ ماوە، بۆیە هێشتا یارییەکە ماوە و دەبێت بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەبین."
 
راهێنەری دهۆک زیاتر دەڵێت "دەمانەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانمان وەربگرین، بۆ ئەوەی شەوێکی نموونەیی بەڕێبکەین."
 
هاندەرانی یانەی دهۆک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی یارییەکە دەکەن، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا لە بڵاوکردنەوەی بلیتەکانی یارییەکە، سەرجەم بلیتەکان فرۆشران و دهۆک بۆ شەوێکی گەورە و مێژوویی ئامادەیە.
 
پێشتر مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، چاڵنجێکی پێشکێشی هاندەرانی یانەکە کرد و گوتی "بەرامبەر ئیتیفاق یەک کورسی بەتاڵ بمێنێت تووڕە دەبم"، زۆری نەبرد هاندەرانی دهۆک وەڵامی داواکاریی راهێنەرەکەیان دایەوە و ئێستا هیچ بلیتێک بۆ ئەو یارییە لە بازاڕدا نەماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە