دهۆک لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکات و هاندەران دەگەڕێنەوە

27-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قۆناخێکی نوێ لە یانەی دهۆک دەستپێدەکات و هاندەرانی یانەکەش دەگەڕێنەوە نێو یاریگە بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە.
 
لە گەڕی سێیەمی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 20:30 یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کەرخ دەکات و دەیەوێت یەکەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولەکەدا تۆمار بکات.
 
دوای دۆڕانی لە دوو گەڕی یەکەمی خولەکەدا، یانەی دهۆک بە رێککەوتن لەگەڵ راهێنەرەکە دەستبەرداری سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری بەرازیلیی یانەکەی بوو و جارێکی دیکە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەی دهۆک درایەوە بە سلێمان رەمەزان و ئەمڕۆ یەکەم یاریی یانەکە دەبێت لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە کوردەکە.
 
دوای ئەوەی بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی عێراق سزادرا، لە یاریی یەکەمی خولەکەدا بەرامبەر گەرمە هاندەرانی دهۆک نەیانتوانی پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن، بەڵام سزاکەیان گۆڕانکاریی بەسەردا هات و ئەمشەو هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگە و دەبنەوە یاریزانی ژمارە دوازدەی یانەکە.
 
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکی قورسمان لەگەڵ کەرخ لە پێشە، بەڵام هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی راست."
 
رەمەزان زیاتر دەڵێت "هاندەرانمان پاڵپشتی یەکەم و کۆتاییمانن، یارییەکەش لە یاریگەی خۆمانە و دەبێت سوود لەوە وەربگرین. هەموو یاریزانەکان ئامادەن بۆ یارییەکە و دەبێت خۆیان لە یاریگەدا بسەلمێنن."
 
راهێنەری دهۆک زیاتر دەڵێت "دوو یارییمان دۆڕاندووە و تیپەکەمان بەرگەی هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەرێنی ناگرێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە