مۆندیالی یانەکان.. سیحری تۆپی پێیە یان بارگرانییەکی زیاتر لەسەر یاریزانان؟

10-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکانی 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جامی جیهانی یانەکان کە گەورەترین چاپی ئەو پاڵەوانێتییەیە لە مێژوودا، هاندەران بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن بۆ ئەوەی هەمان "سیحری مۆندیالی هەڵبژاردەکان بێنێتەوە ئاراوە"، بەڵام شەپۆلێکی رەخنەی خولە ناوخۆییەکان و یاریزانە دیارەکانی لێکەوتووەتەوە.
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی تۆپی پێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، تیپەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەورووپان، پشوویەکی پێویستیان دەستناکەوێت، تەنانەت ئەوانەی بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن،  تەندروستی یاریزانەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.
 
زۆر کەس ترسیان لە دەرئەنجامەکانی زۆری یارییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئەو یاریزانانە هەیە کە لەم وەرزەدا دەیان یاری ئەنجام دەدەن، لەوانە خولە ناوخۆیی و کیشوەرییەکان، جگە لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان.
 
بەڵام فیفا، وەک رێکخەری پاڵەوانێتییەکە بەرگری لە بڕیاری ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە دەکات و دەڵێت "مژدەی سەردەمێکی نوێیە بۆ تۆپی پێی جیهان".
 
یەکەم خولی پاڵەوانێتییەکە کە هەرچوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، 32 تیپ لە کیشوەرە جیاوازەکانەوە بەشداری تێدەکەن و لە 15ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 13ـی تەمموز لەلایەن ئەمریکاوە میوانداریی دەکرێت.
 
دەزگا گەورەکانی نوێنەرایەتی یاریزانان و یانەکانی تۆپی پێی ئەورووپا سکاڵایان لای کۆمیسیۆنی ئەورووپا تۆمارکردووە و فیفا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پێگەی خۆی خراپ بەکاردەهێنێت لەسەر حسابی گۆڕانکاری لە ساڵنامەی یارییە نێودەوڵەتییەکان و فراوانکردنی پاڵەوانێتییەکان.
 
ئەم ئۆرگانانە دەڵێن زۆر لە یاریزانە دیارەکان ناچاردەبن بەشداری لە یاریی زیاتر بکەن لەکاتێکدا دەیانتوانی پشوویەکی درێژتر وەربگرن پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، کە هەروەها پێش مۆندیالی فراوانکراوی داهاتوو دەبێت، کە بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە تێیدا بەشدار دەبن، کە بڕیارە لە هاوینی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
 

تۆمەتبارکردنی فیفا
 
یەکێتیی نێودەوڵەتیی یاریزانانی فیفپرۆوە لە راپۆرتێکدا کە بڵاویکردووەتەوە، فیفای تۆمەتبار کردووە بەوەی تەندروستی یاریزانەکان دەخاتە مەترسییەوە بەهۆی قەرەباڵخی ساڵنامەکەیەوە.
 
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی خولی ئیسپانیا و رەخنەگرێکی دیاری جامی جیهانی یانەکان، داوای لە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا کردووە پاڵەوانێتییەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ریچارد ماستەرز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرێمەرلیگ نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە جامی جیهانی یانەکان "بارگرانییەکی زۆر" بۆ مانچێستەر سیتی و چێڵسی دروست دەکات، کە پێش دەستپێکردنی وەرزی داهاتووی تۆپی پێ بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
ماستەرز لە لێدوانێکیدا دەڵێت "خولەکان و کۆمەڵەی یاریزانان ناڕازین لەو بڕیارانەی لەسەر ئاستی جیهانی دەدرێت".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، خستنەڕووی جامی جیهانی یانەکانمان بینیوە، ئەوەش روونە کە ئەمە کاریگەری لەسەر خولی نایابی ئینگلیزی دەبێت.
 
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر مانچێستەر سیتی یان چێڵسی بگەنە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئەوا پرێمەرلیگ دوای چوار هەفتە دەست پێدەکات، بڕیارە یاریزانەکان سێ هەفتە پشوویان هەبێت وەک بەشێک لە پابەندبوونی گرێبەستەکانیان، ئەوە چۆن روودەدات؟
 
ئەو یانە ئینگلیزیانەی کە لە چەندین پێشبڕکێدا بەشداری دەکەن، بەشێوەیەکی ئاسایی لە وەرزێکدا نزیکەی 50 یاری ئەنجام دەدەن و ئەم ژمارەیەش دەکرێت بۆ 65 یاری بەرزبێتەوە.
 

مەترسی تەندروستی
 
دکتۆر نیدال ئەلخەتیب، راوێژکاری پزیشکیی ئێسک و وەرزشی باسی لە "کاریگەری نەرێنی" کرد لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی یاریزانەکان بەهۆی زیادبوونی گوشاری یارییەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە دەبێتە هۆی "زیادبوونی مەترسی پێکان"، بەتایبەتی پێکانەکانی ماسوولکە و ریشاڵەکان.
 
ئەلخەتیب راگەیاند "گوشاری یارییەکان کاریگەری فیزیۆلۆژی نەرێنی هەیە، بەو پێیەی گوشار و ماندوێتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەکانی سترێس وەک کۆرتیزۆڵ و ئەدرنالین، کە کاریگەری لەسەر خەوتن و چاکبوونەوە هەیە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار پێکان و ماندوێتی کەڵەکەبوو دەتوانێت یاریزانەکان ناچاربکات زوو واز لە یاریکردن بهێنن.
 
هەروەها ئەلخەتیب رایگەیاندووە کە "گوشاری بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی ماندووێتی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و لەدەستدانی خولیای یارییەکە".
 
بەڵام فیفا جەختی لەوە کردەوە کە کارنامەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی فیفاوە پەسەند کراوە دوای راوێژکردن لەگەڵ هەموو کۆنفیدڕاڵییەکان بە ئەورووپاشەوە، هەروەها یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی FIFPro و خولەکان.
 
فیفاش رەخنەی هەیە
 
فیفا هەروەها رەخنەی لە خولە ئەوروپییەکان گرت کە دژی پاڵەوانێتییەکە بوون و تۆمەتباری کردن بەوەی لەبەر بازرگانی و بەرژەوەندی بە خۆپەرستانە و دووڕووییەوە مامەڵە دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ئەم خولانە ساڵنامەیەکی پڕ لە یارییە دۆستانەکان و گەشتی هاوینەیان پێ باشتربێت کە زۆرجار گەشتێکی بەرفراوان بە جیهاندا لەخۆدەگرێت.
 
سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانە هاندەران بەپەرۆشن بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، کە رێگە بە یانەکانی کیشوەرە جیاوازەکان دەدات لەسەر ئاستی جیهانی رکابەری بکەن، شتێک کە هەمیشە بوونی نییە، بەتایبەتی لە ئاسیا، ئەفریقا و ئۆقیانووس. زێدەباری ئەوەش داهاتی دارایی و بازاڕکردن بۆ یانە بەشداربووەکان نایاب دەبێت.
 
فیفا وەک هاندانێکی دارایی نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ 32 تیپی بەشداربوو تەرخانکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە