رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیای لە شارۆچکەی شەقڵاوە وەرگرت.
بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 20ـی مانگی حەوتی ئەمساڵ بە بەشداری یازدە وڵات لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان لەنێو هۆڵی داخراوەی یانەی وەرزشیی شەقڵاوە دەستپێبکات و هەفتەیەک دەخایەنێت.
ئیسماعیل مەولوود، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق لەبارەی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا لە شەقڵاوە بۆ رووداو گوتی "هەرێمی کوردستان ناوبانگی لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکانی عەرەبی و ئاسیا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو هەیە، هەربۆیە توانیمان ئەمجارەش شەرەفی کۆکردنەوەی پاڵەوانانی رۆژئاوای ئاسیا لە شەقڵاوە وەربگرین".
چوارەمجارە لە سنووری پارێزگای هەولێر پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، پێشتر سێ پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب لە ساڵەکانی 1980، 2010 و 2021 لە هەولێر بەڕێوەچووە.
ئەو بەرپرسەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا کارەکانی ئامادەکاری بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە دەستیانپێکردووە و ناوی شاندەکان وەردەگرین بۆ ئەوەی کاروباری وەرگرتنی ڤیزای هەرێمی کوردستانیان بۆ تەواو بکەین، هەوڵدەدەین هۆڵی شەقڵاوە بەشێوەیەکی زۆر جوان ئامادە بکەین و ببێتە شوێنێکی سەرنجراکێش بۆ میوانان".
لەلایەکی دیکەوە گۆڕانکاری لە لقی هەولێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی هەولێر کرا و ستافێکی نوێ دەستبەکاربوون کە بریتین لە: قاسم هاشم وەک سەرۆک، ئیدریس زرار سکرتێر، رازاوە لوقمان ئەمینداری دارایی، عەبدولکەریم هاشم ئەندام.
شاری هەولێر خاوەن دەیان پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورساییە لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان، بەشێوەیەک بەردەوام میدالیاکانی ئاسیا و عەرەبیان بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ