رووداو دیجیتاڵ
ھەڵوێستی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لەسەر "کوژرانی پێلێی فەڵەستین" کاردانەوەیەکی جیهانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەڵامدانەوەی یوفا لەلایەن محەممەد سەڵاحەوە کاردانەوەیەکی جیھانیی گەورەی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی پەیامێکی تووڕەیی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی "ئێکس" بڵاوکردەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی یاریزانی فەڵەستینی، سولەیمان ئەلعەبید، ناسراو بە "پێلێی فەڵەستین"، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی چاوەڕوانی وەرگرتنی بەشێک خۆراکدا بە بۆردوومانی ئیسرائیلی کوژرا.
سەڵاح تویتێکی ھەژماری فەرمیی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپای دووبارە بڵاوکردەوە، کە تێیدا پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی یاریزانە فەڵەستینییەکە راگەیاندرابوو، بەبێ ئەوەی ھیچ وردەکارییەک لەبارەی چۆنیەتیی گیانلەدەستدانەکەی ئاشکرا بکرێت.
ئەستێرە میسرییەکە، کە تەمەنی 33 ساڵە، بێدەنگیی شکاند و لە پەیامێکی تووڕەدا لە ھەژمارەکەی لە تۆڕی "ئێکس" نووسیبووی "ئایا دەتوانن پێمان بڵێن چۆن، لەکوێ و بۆچی مرد؟".

پەیامەکەی سەڵاح لەکاتێکدا دێت کە سولەیمان ئەلعەبید بەھۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستدا، کە ئەو کەسانەی کردبووە ئامانج کە لە باشووری کەرتی غەززە چاوەڕێی وەرگرتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بوون.
تویتەکەی سەڵاح کاردانەوەی بەرفراوان و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا. بۆ نموونە رۆژنامەی مارکای بەنێوبانگی ئیسپانی تیشکی خستە سەر ھەڵوێستی ئەستێرە میسرییەکە بەرامبەر بەیاننامەکەی یوفا.
رۆژنامەڤان تیم ئادامز پەسنی تویتەکەی سەڵاحی دا و گوتی "ئافەرین محەممەد سەڵاح کە رووبەڕووی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا وەستایەوە و وەک ئەوەی بە گۆچان لێتدابن".
رۆژنامەڤانی ئەمریکی، زەھران مامدانی، تویتێکی بڵاوکردەوە و گوتی "دەستخۆش محەممەد سەڵاح.. یاریزانێکی ئەوەندە ئازایە کە پرسیار لەوە بکات کە ھەمووان لە گوتنی دەترسن".
پێشتر، ئێرێک کانتۆنا، ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دوای گیانلەدەستدانی سولەیمان ئەلعبێد ھێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل. ھەروەھا، چەندین ئەستێرەی دیکەی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیھاندا، لە سەرووی ھەموویانەوە کەریم بنزیما، کاپتنی یانەی ئیتیحادی سعودی، ئیبراھیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول، پرسە و سەرەخۆشییان بۆ یاریزانە فەڵەستینییەکە دەربڕیبوو.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ