ئەمڕۆ دێربیی باکووری کوردستان دەکرێت و ئامەدسپۆر میوانی وان سپۆرە

29-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر وان سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان هەموو چاوەکان لەسەر یاریگەی وان دەبن، کاتێک هەردوو یانەی وان سپۆر و ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولەکەدا لە یاریگەی وان بەڕێوەدەچێت و لە خولی پلە یەکی تورکیا، یەکەم دێربیی باکووری کوردستان دەبینرێت و ئامەدسپۆر دەبێتە میوانی یانەی وان سپۆر.
 
هەردوو یانە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، یانەی ئامەدسپۆر رۆژی یەکشەممە بۆ یارییەکە گەیشتە وان و ئەمڕۆ کاژێر 17:00 هەردوو یانە کوردستانییەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی وان سپۆر تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، لە 7 گەڕی رابردوودا یانەکەدا 2 بردنەوەی هەیە، 2 یاریی دۆڕاندووە و لە 3 یارییدا یەکسانبووە، چوار یارییە یانەکە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە 7 یاریی رابردوودا 4 بردنەوە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی هەیە و دەیەوێت ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
هاندەرانی هەردوو یانە کوردستانییەکە چاوەڕوانییەکی زۆریان بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە هەیە، لەکاتێکدا یەکەمجارە لە خولی پلە یەکی تورکیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئامەدسپۆر ئەمە یەکەم یاریی دەبێت دوای سزادانی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە بەهۆی ئەوەی بە کوردی لەسەر درێسەکانی نووسیوویەتی "کۆما مە، بۆنا وە"، بۆیە دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە هاندەرانی دڵخۆش بکات و ئەو سزایە لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
 
لە بەرامبەردا یانەی وان سپۆر چاوی لەوەیە سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و ئەنجامەکانی باشتر بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە