رووداو دیجیتاڵ
میدیای سعودی باس لەوە دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هۆکاری رۆیشتنی هاونیشتیمانییەکەی، ئۆتاڤیۆ بووە لە یانەی نەسڕ. یاریزانەکەش لە پەیامێکدا دەڵێت "نەمدەویست بڕۆم، شێوازی رۆیشتنم لە نەسڕ بەدڵم نەبوو".
سعود ئەلسەرامی، راگەیاندنکاری بەنێوبانگی وەرزشیی سعودی لێدوانێکی شۆکهێنەری لەبارەی رۆیشتنی ئۆتاڤیۆ لە یانەی نەسڕ و گواستنەوەی بۆ یانەی قادسیە دا، و ئاماژەی بەوەدا کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەکە هۆکاری ئەو رۆیشتنە بووە.
یانەی قادسیەی سعودی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئۆتاڤیۆی یاریزانی پۆرتوگالی راگەیاند.
یانەکە کە بارەگاکەی لە شارۆچکەی خووبەرە، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی "جەنگاوەرێکی پۆرتوگالی لە ریزەکانی قادسیە، بەخێربێی ئۆتاڤیۆ".
لەلایەکی دیکەوە، نەسڕ سوپاسی ئۆتاڤیۆی تەمەن 30 ساڵی کرد، کە لەساڵی 2023 لە پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، بۆ ئەو ماوەیەی لە یانەکەدا بەسەری بردووە.
قادسیە وەرزی نوێی خولی سعودی بەبردنەوە بەئەنجامی 3-1 لە نەجمە دەستپێکرد و رۆژی شەممەی داهاتوو دەبێتە میوانی هیلال.
ئەلسەرامی لە پۆدکاستێکی رادیۆییدا ئاشکرایکرد کە رۆناڵدۆ وایکردووە نەسڕ دەستبەرداری ئۆتاڤیۆ ببێت و گوتی "رۆیشتنی ئۆتاڤیۆ لە یانەکە هۆکارێکی هونەری نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە برا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێی تووڕەیە".
ئەو زیاتر گوتی "گوتەیەک لە کارگێڕیی یانەکە باوە دەڵێت ئەگەر دەتەوێت هێرش بکەیتە سەر کارگێڕی، کۆمەڵێک هاوڕێ بهێنە و بیانکە هاوڕێ کار. ئەمەش رێک ئەوەیە کە رۆناڵدۆ بەهێنانی سێمیدۆ وەک بەڕێوەبەری وەرزشی کردی و دەستییان بەوە کردووە کە بەخۆڕایی یاریزانان دەفرۆشن و یاریزانی دیکەی سادە بە ملیۆنان ریال دەهێنن".
نەسڕ لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی بەتوانا کرد، وەک: ئینێگۆ مارتینێز، کینگسلی کۆمان و خواو فیلیکس.
پەیامی ئۆتاڤییو
ئۆتاڤیۆ بە پەیامێکی کاریگەر ماڵئاوایی لە نەسڕ کرد و تێیدا دووپاتیکردەوە کە بە حەزی خۆی لەو یانەیە نەڕۆیشتووە.
ئۆتاڤیۆ زۆر بەپەرۆش بوو بۆ ناردنی پەیامێک بۆ نەسڕ و هاندەرانی دوای رۆیشتنی لە ریزەکانی ئەو یانەیە، کە لەڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە.
ئۆتاڤیۆ لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "کاتی ماڵئاوایی هات. دۆزینەوەی وشەی گونجاو ئاسان نییە بۆ ماڵئاواییکردن. گەیشتمە وڵاتێکی جیاواز بە کلتوورێکی ناوازەی خۆیەوە. نەمتوانی داوای باشتر لە خەڵکی بکەم بۆ ئەو پێشوازییەی لە منیان کرد".
زیاتری نووسیوە "هەر یەکێک لە ئێوە وەک یەکێک لە کوڕەکانی خۆی پێشوازی لێکردم، و ئەم ئەزموونەی بەڕاستی ناوازە کرد، بەڵام ئەمە ئەو شێوازە نەبوو کە دەمویست نەسڕی پێ جێبهێڵم؛ بەڵام ئەمە تۆپی پێیە، پڕە لە بڕیارەکان کە هەندێکجار لە کۆنترۆڵی ئێمەدا نین. ئەگەرچی بژاردەی من نەبوو، بەڵام رێزی لێدەگرم و قبوڵی دەکەم، چونکە ئەوە بەشێکە لەم گەشتەم".
یاریزانە پۆرتوگالییەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ریاز، شارێکە کە شوێنەواری خۆی لەسەر جێهێشتووە و دەرفەتی ناسینی کەسانی نایابی پێبەخشیوە.
ئۆتاڤیۆ بەبێ ئەوەی باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات، رەزامەندیی تەواوی خۆی لەسەر ماوەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ دەربڕی، بەپێی قسەی خۆی هەموو توانای خۆی بەکارهێناوە، لەناو یاریگە و لە دەرەوەی یاریگەشدا.

یەکەم دەرکەوتن
هاندەرانی قادسیە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی ئۆتاڤیۆ دەکەن، کە ئێوارەی سێشەممە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە کردووە.
قادسیە سەرکەوتوو بوو لە تەواوکردنی گرێبەست لەگەڵ ئۆتاڤیۆ، بەگرێبەستێک کە بۆ دوو وەرز درێژ دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە پلانی خۆرخێ جیسۆسی راهێنەری نەسڕ دەرچوو.
ئۆتاڤیۆ بۆ یەکەمجار لەگەڵ قادسیە لە یارییەکەی دژی هیلال دەردەکەوێت، ئەگەر راهێنەرە ئیسپانییەکەی میشێل گۆنزالێز بڕیاری یاریپێکردنی بدات لە پێکهاتەی سەرەکیدا.
ئۆتاڤیۆ لە حاڵەتێکی هونەری و جەستەیی باشدایە، کە وایلێدەکات بتوانێت ببێتە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی قادسیە لە یارییەکەی دژی هیلال، کە بڕیارە ئێوارەی شەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی رۆشن لیگ.
ئۆتاڤیۆ دوو وەرزی پێش ئێستا لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی نەسڕەوە کردبوو.
نەسڕ چەند پارەی دا بۆ بەڕێکردنی ئۆتاڤیۆ؟
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئۆتاڤیۆ داوای 18 ملیۆن یۆرۆی دەکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، کە ساڵێکی لەگەڵ نەسڕ مابوو، بەڵام دواجار لەگەڵ یانەکە لەسەر وەرگرتنی 11 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو بۆ ساڵی سێیەمی رێککەوتووە و مووچەکەی لەگەڵ قادسیە 28.5 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەبێت.
یاریزانە پۆرتوگالییەکە 84 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بۆ نەسڕ ئەنجامداوە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 16 ئەسیستی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ