رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا دەڵێت پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوان خولی ئیسپانیا و عێراق ئامانجی گۆڕینی بنەڕەتیی شێوازی بەڕێوەچوونی تۆپی پێیە لە وڵاتەکەدا، تێباس جەخت دەکاتەوە مەبەستیانە ژینگەیەکی پیشەگەر بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندان و بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکان و راهێنەران دروستبکەن، ئەم هەنگاوەش وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن دەبینێت نەک کارێکی کاتی.
ساڵانێکی زۆر تۆپی پێی عێراق بەدەست نەبوونی سیستم و پلانی وردەوە دەیناڵاند، بەڵام ئێستا لالیگای ئیسپانی دەستی بە پڕۆژەیەک کردووە بۆ ئەوەی هەموو شتێک رێکبخاتەوە. خاڤیێر تێباس لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیاکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە کاریگەریی هەبووە، لەوانە باشترکردنی وێنەگرتنی یارییەکان، هێنانی تەکنەلۆژیای ڤار و رێکخستنی یارییەکان بە شێوەیەکی سەردەمیانە.
سەرۆکی لالیگا ئاشکرای کرد، گۆڕانکارییەکان هاندەرانیشی ئاشتکردووەتەوە لەگەڵ یاریگەکان، بە جۆرێک لە وەرزی 2024-2025 ژمارەی بینەران گەیشتووەتە 3 ملیۆن هاندەر، لە دەستپێکی وەرزی 2025-2026 رێژەی ئامادەبوونی هاندەران 25% زیادی کردووە. تێباس دەڵێت "ئەمە نیشانەی ئەوەیە هاندەران متمانەیان بە گۆڕانکارییەکان هەیە". جگە لەوەش کاردانەوەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ زیاتر لە 20% بەرزبووەتەوه.
بەشێکی گرنگی ئەم پڕۆژەیە گرنگیدانە بە منداڵان و مێردمنداڵان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە یاریزانی گەورە. تێباس گوتی "لە ساڵی 2023ـەوە بۆ یەکەمجار خولی رێکخراو بۆ 5 تەمەنی جیاواز دروستکراوە و زیاتر لە 4000 یاریزانی منداڵ و مێردمنداڵ تێیدا بەشدارن". هەروەها باسی لەوە کرد لە مانگی 8ـی 2025 یەکەم ئەکادیمیای پێشکەوتوو کرایەوە و لە شاری بەسڕەش کار بۆ کردنەوەی ئەکادیمیایەکی دیکە دەکرێت.
تێباس روونی کردەوە، کارەکانیان تەنیا بۆ یاریزانان نییە، بەڵکو راهێنەرانیش سوودمەند دەبن لەم پرۆژەیە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 راهێنەر و ستافی تەکنیکی خولی تایبەتیان لەژێر سەرپەرشتی پسپۆڕانی لالیگا بینیوە. تێباس دەڵێت "پێویستمان بە کات و بەردەوامی هەیە، چونکە گۆڕانکاریی ریشەیی لە شەو و رۆژێکدا دروست نابێت".
سەرۆکی لالیگا دەڵێت عێراق وڵاتێکی پڕ لە بەهرەیە بەڵام پێشتر پلانی نەبووە، ئێستا بەرنامەمان ئەوەیە عێراق بگەیەنینە ئاستە باڵاکانی جیهان. تۆپی پێش لێرە تەنیا یاری نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ هیوا.
رێکەوتنی هاوبەشەی نێوان لالیگا و فیدراسیۆمی تۆپی پێی عێراق کە لە 5ـی مانگی 6ـی 2023 بە فەرمی واژۆکرا، بۆ ماوەی 3 ساڵە و بڕیارە لە ناوەڕاستی 2026 تەواو ببێت. تاوەکو ئێستا بە کرداریی هیچ هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە نەنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ