رووداو دیجیتاڵ
مۆزەخانەی دیزاین لە لەندەن، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کەرستە کۆکراوەکانی تایبەت بە تۆپی پێ دەکاتەوە، کە ئەو تۆپەی لە یەکەم یاریی کۆتایی مۆندیالدا بەکارهێنراوە تێیدا دانراوە، لەگەڵ یارییەکانی ڤیدیۆ، لۆگۆ و ئاڵای یانەکان، درێسی یاریزانان، ملپێچی هاندەران و دیزاینی یاریگەکان.
ئەو مۆزەخانەیە هەموو شتێک دەگرێتە خۆی کە پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەبێت و رۆژی 29ـی مانگی هەشت دەرگای بۆ گەشتیاران و هەوادارانی تۆپی پێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سەردانی بکەن.
لەم مۆزەخانەیەدا نزیکەی 500 کەرستە دانراون، کە لەنێویاندا چەندین تۆپ و پێڵاوی یاریکردن هەن، کە مێژوویان بۆ سەدەی 19 دەگەڕێتەوە، هەروەها درێسی پێلێی ئەفسانەی بەرازیل و تۆپ پێی جیهانیشی تێدا دانراوە، کە لە یەکەم بەشداریکردنیدا لە مۆندیال، لە ساڵی 1958 بەو درێسەوە یاری کردووە.
هەروەها لەم مۆزەخانەیەدا چەندین فیلمی تایبەت بە مێژوو و بۆنە وەرزشییەکان نماییش دەکرێن، کە پێشبینی دەکرێت ئەو مۆزەخانەیە رەواجێکی زۆر لە لایەن گەشتیارانی بەریتانیا بەدەستبێنێت، بەتایبەتی لەبەر نزیکبوونەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر و میوانداریکردنی یۆرۆی خانمان لە مانگی حەوتی ئەمساڵ لە لایەن ئینگلتەراوە.
مۆزەخانەی دیزاین، مۆزەخانەیەکی بەنێوبانگی لەندەنە، کە ساڵی 1989 دامەزراوە، دەکەوێتە سەر رووباری تایمز لە نزیک پردی تاوەر لە ناوەڕاستی لەندەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ