ئەنچێلۆتی بۆ کلاسیکۆی ئەمڕۆ سوپرایزێکی هەیە

11-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ئاردا گولەر کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدرید، بۆ پێکهاتەی سەرەکیی ئەمڕۆ بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا سوپرایزێکی ئامادە کردووە. 
 
هەوادارانی تۆپی پێ ئەمڕۆ چاوەڕێی یارییەکی کلاسیکۆی ئاگرینن، کاتێک بارسێلۆنا میوانداریی رکابەرە هەمیشەییەکەی ریال مەدرید دەکات لەسەر یاریگای مونتجویک.
 
ریال مەدرید کە هەڵگری نازناوەکەیە، بەئومێدی ئەوەیە جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسا کەم بکاتەوە بۆ یەک خاڵ و رکابەریی سەر نازناوی لالیگا گەرمتر بکات و تاوەکو دوایین گەڕ بهێڵێتەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە مێرینگێ بێجگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە. 
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، ئەو پێکهاتەیەی کە کارلۆ ئەنچێلۆتی دەیەوێت یاریی کلاسیکۆی پێئەنجام بدات بەرامبەر بارسێلۆنا سوپرایزێک لەخۆی دەگرێت و راهێنەرەکە دەیەوێت بەشێوەی سەرەکی یاری بە ئاردا گولەری یاریزانی گەنجی تورکی بکات.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند "گولەر یەکەم یاری بەشێوەی سەرەکی لە یاریگای مۆنتوجیک ئەنجام دەدات، ئەمەش رووداوێکی گەورەیە بەهەموو ماناکانی، چونکە ئەمە وەچەرخانێکی گەورەیە لە کاروانی ئەو یاریزانە گەنجە، کە بۆ جاری بیستەمە بەشێوەی سەرەکی لەگەڵ ریال مەدرید یاری دەکات لەکۆی 114 یارییدا، لەوەتەی لە 7ـی7ـی2023ـەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، بەڵام یەکەم یارییە لە کلاسیکۆدا بەشێوەی سەرەکی یاریی بکات".
 
لە راپۆرتەکەیدا ئەی ئێس نووسیویەتی "ئەمە گۆڕانێکی دراماتیکییە، رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنەیە کە ئاردا گولەر لە ماوەیەکی کورتدا بە ئاستییەوە بینیوو، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەی یانەی شاهانە".
 
لە راپۆرتەکەدا زیاتر هاتووە "گولەر 674 رۆژە وەک یاریزان لە ریال مەدریدە، کە تیایدا وەک یاریزانێکی ناسەرەکی یان یاریزانێکی یەدەگ دەرکەوتووە. لە وەرزی یەکەمدا تەنیا 440 خولەک یاری کرد، لە پێنج یارییدا سەرەکی بوو، یەکێکیان لە جامی شادا بوو، و چواریشیان لە لالیگادا. بەڵام لەم وەرزەدا لە 14 یارییدا سەرەکی بووە.
 
تواناکانی ئاردا بەمدوایە تەقینەوە و یاریزانەکە پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، توانیویەتی تواناکانی خۆی بسەلمێنێت و ئەو راستییە دووپات بکاتەوە کە شایەنی ئەوەیە لە پێکهاتەی سەرەکیی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا یاریی بکات".
 
رۆژنامەی ئەی ئێس هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە یاریی ئەمڕۆدا گولەر بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات و لە شوێنی رۆدریگۆ دەبێت، کە بەم دواییە ئەو ایریزانە بەرازیلییە بەتەواوی لە ئاستی راستەقینەی خۆی دوورکەوتووەتەوە و ئەمڕۆ لەسەر کورسیی یەدەگ دەمێنێتەوە. 
 
ئەم بڕیارە ئەو راستییە دەردەخات کە ئاستی رۆدریگۆ بەم دواییانە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و لە شوێنی ئەو گولەر متمانەی هەموو لایەکی بەدەستهێناوە، ئەمەش وادەکات دەرفەتی ئەوەی پێبدەرێت ئەمڕۆ لە یارییەکی چارەنووسسازدا بەشێوەی سەرەکی یاریی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە