ئەنچێلۆتی دوای یاریی کلاسیکۆ بەڕووی یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە

12-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ئاردا گولەر کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای یاریی کلاسیکۆ و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ژووری جلگۆڕین بەڕووی یاریزانەکانیدا تەوقیووەتەوە و بە دەنگی بەرزەوە رەخنەی لە هەندێکیان گرتووە و تەنانەت بە ئاردا گولەری گوتووە "تۆ هەمیشە دەڵێی با سەرەکی یاری بکەم، چیتکرد؟!".
 
تا دێت نهێنییەکانی دوای یاریی کلاسیکۆ لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ئاشکرا دەبن، کە یارییەکەیان 3-4 بە بارسێلۆنا دۆڕاند و هیوایان بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا لەدەستدا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی دوای دۆڕاندنە ئازاربەخشەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا و لەدەستدانی نازناوی لالیگا، لە ژووری جلگۆرین زۆر تووڕە دەرکەوتووە و زۆر بەتووندی رەخنەی لە سێ یاریزانی گرتووە و ئاستیانی بە کارەساتبار وەسف کردووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات ئەنچێلۆتی لە ژووری جلگۆڕیندا بەڕووی لوکاس ڤاسکێز، فێران گارسیا و چوامینیدا تەقیوەتەوە و راشکاوانە پێیگوتوون کە ئەوان بە بەرپرسیار دەزانێت لە شکستەکە و ئەو ئاستە خراپەی تیپەکە لە یارییەکەدا پێی دەرکەوتووە.
 
ئەنچێلۆتی دووپاتیکردووەتەوە کە پێشبینی دەکرد ئەو سێ یاریزانە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی وەرزی تیپەکە رزگاربکەن، بەڵام دوای دەستپێکردنی یارییەکە نائومێد بووە. 
 
ئەنچێلۆتی بە داڤیدی کوڕەکەی گوتووە کە داوا لە کارگێڕیی یانەکە دەکات وەرزی داهاتوو خۆیان لەم سێ یاریزانە رزگاربکەن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی شکستی راهێنەرە نوێیەکە.
 
وەک ئەوەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕال باسی دەکات، ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کردووە، ناڕازیبوونی ئەنچێلۆتی بووە لە ئاستی خراپی ئەستێرەی لاوی تیپەکە، ئاردا گولەر، کاتێک بەتووڕەییەوە بەڕووخساریدا تەقیوەتەوە و پێیگوتووە "تۆ داوای یاریکردن دەکەیت لە پێکهاتەی سەرەکی، کاتێکیش دەرفەتت پێدەدەم، هیچ ناکەی، تۆ خراپترین یاریزان بووی لە یارییەکەدا، تۆ یاریزانێکی لاوازیت!".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرەڕای تووڕەبوونەکەی، ئەو ئاستەی لەبیرنەکردووە کە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەکە لەو یارییەدا پێشکەشی کردووە و هاتریکی تۆمارکردووە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "ئەنچێلۆتی بۆ دڵنەوایی کیلیان ئێمباپێی چووەتە لای و لەبەردەم هەمووان پێیگوتووە: ئەگەر هەمووان بە رۆح و ویستی تۆ یارییان بکردایە، ئەنجامەکە جیاواز دەبوو. تۆ لە ساڵانی داهاتوودا خەڵاتی باڵۆن دۆر دەبەیتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە