کارلۆ ئەنچێلۆتی: گولەر دەتوانێت بەرامبەر بایرن میونشن یاری بکات

27-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ئاردا گولەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رایگەیاند ئاردا گولەر لە وەرزی داهاتوودا لەگەڵ ریال مەدرید دەمێنێتەوە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە. دەشڵێت "ئەو دەتوانێت سێشەممە بەرامبەر بایرن میونشن یاری بکات".
 
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە گەڕی 33ـی لالیگادا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ریال سۆسیدادی بردەوە و زیاتر نزیک بووەوە لە یەکلاییکردنەوەی نازناوی خولەکە، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
راهێنەری مێرینگێ سەرەتا پەسنی ئاراد گولەری یاریزانی تورکی دا، کە تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و بە پیاوی یارییەکە دەستنیشانکرا، کارلۆ لەبارەی ئارداوە گوتی "ئاردا ئەمڕۆ گۆڵێکی کرد. ئەو یاریزانێکی گرنگ دەبێت لە داهاتوودا. لە وەرزی داهاتوو لەگەڵ ریال مەدرید دەمێنێتەوە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە".
 
کارلیتۆ زیاتر لەبارەی ئارداوە، گوتی "ئەمشەو ئەوەی نیشاندا کە یاریزانێکی گرنگە و لە چەند یاریی رابردووشدا ئەوەی نیشانداوە. لە گێمی دووەمدا بەباشی مامەڵەی لەگەڵ تۆپدا کرد، یارمەتیداین کۆنترۆلی تۆپ بکەین. لە دۆخێکی سەرسوڕهێنەردایە، بێگومان سێشەممە دەتوانێت یاری بکات".
 
راهێنەری یانەی شاهانە، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئاردا، گوتی "کوالیتییەکی زۆر باشی هەیە، پێشتریش دەیتوانی یاری بکات، چونکە زۆر بەباشی مەشق دەکات، بەڵام ئەو هێشتا گەنجە و لە داهاتوودا رۆڵێکی گەورەی دەبێت".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی میلیتاو لە پێکان و یاریکردنی بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا، ئەنچێلۆتی گوتی "دەبێت چاوێک لە پێکهاتەکەمدا بخشێنمەوە. میلیتاو زۆر باش یاریکرد، هەمووان ئامادەن و هەمووان دەکرێت بەشداری بکەن".
 
هەروەها سەبارەت بە گەڕانەوەی تیبۆ کۆرتواش، قسەی کرد و گوتی "دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و بزانین ئایا دەتوانێت بەرامبەر کادیز بەشداری بکات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەنچێلۆتی گوتی "تێدەگەم، هەمووان پێیانوابوو ئەمشەو بۆ سەیران هاتووین بۆ ئێرە، بەڵام یاریزانەکان ئەوەیان نەکرد، هەر بۆیەش شانازییان پێوە دەکەم، چونکە پابەندبوونێکی گەورەیان نیشاندا".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، راهێنەری ریال مەدرید، باسی ریال سۆسیدادی کرد و گوتی "ریال سۆسیداد یارییەکی زۆر باشی ئەنجامدا، بردنەوە لێرە ئاسان نەبوو، بەو پێیەی دوای ماندووبوونێکی زۆر سەرکەوتنمان بەدەستهێنا. 4 خاڵمان ماوە بۆ بردنەوەی لالیگا، هەروەها زۆر نزیکین لە نازناوەکە".
 
بەم سەرکەوتنە یانەی ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگادایە و بە 14 خاڵ لە نزیکترین رکابەری دوورە، کە بارسێلۆنایە. لە کاتێکدا ریال سۆسیداد بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی شەشەمدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە