یانەی گەرمە چاوی لە ئەیمەن حوسێنە

11-06-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەیمەن حوسێن یانەی گەرمە
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی گەرمە هەوڵەکانی بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەیمەن حوسێن، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق چڕکردووەتەوە. 
 
ئەیمەن حوسێن، لەدایکبووی 1996ـی شاری کەرکووکە، یەکەم دەرکەوتنی وەک یاریزان لە یانەکانی دوزخورماتوو، کەرکووک و غازی شیمال بووە، دواتر چووەتە خولی عێراق لە یانەکانی دهۆک، جەوییە و شورتە یاریکردووە. 
 
ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی عێراق بەرزی باڵای و بوونی توانایەکی جەستەیی وایکردووە گۆڵکارێکی نایابی هەڵبژاردەکەی بێت و لە 2024 بەتۆمارکردنی 13 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی عێراق، بووە پێشەنگی گۆڵکارانی جیهان لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان، ئاستبەرزییەکەی وایکرد یانەی وەکرەی قەتەری وەرزی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات. 
 
یانەی گەرمە ناوێکی نوێیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراقی کرد، تیپەکە خاوەن هاندەرێکی زۆرە و ململانێیەکی بەهێز دەکات بەبوونی توانایەکی زۆری دارایی و پێکهاتە و راهێنەرێکی بەنێوبانگی وەک ئەحمەد خەڵەف.
 
گەرمە خاوەن گرانترین یاریزانی خولی ئەستێرەکانی عێراقە کە یوسف ئۆمارۆی یاریزانی هەڵبژاردەی نایجیریایە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی گەرمە بڕی ملیارێک دیناری عێراقییە، یانەکە دوو مانگە گفتوگۆیەکی چڕی لەگەڵ ئەیمەن حوسێن گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق و چەند ئەستێرەیەکی دیکە دەستپێکردووە و دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو نازناوێکی عێراق بباتەوە. 
 
سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕیی یانەی گەرمە لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "دوو مانگە هەموو هەوڵێک بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەیمەن حوسێن ئەستێرەی گەورەی عێراق دەدەین، دەزانین کە چەند بەتوانایە و هێڵی هێرشبەرمان بۆ وەرزی داهاتوو بەهێزترین دەبێت". 
 
ئەیمەن حوسێن، بەر لە مانگێک سەردانی شارۆچکەی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کردووە، بەشداری مەشقەکانی یانەی گەرمەی کردووە، بەڵام هیچ کاردانەوە و رازیبوونێکی لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یانەیە پیشان نەداوە. 
 
سەرچاوەکەی یانەی گەرمە ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام ساردییەک دەبینین، بەڵام ئێمە گەشبینین بەسەرکەوتنی هەوڵەکانمان بۆ هێنانی ئەیمەن حوسێن و چەند ئەستێرەیەکی دیکە لە مێرکاتۆی هاوینەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ". 
 
دوای تەواوبوونی یاری هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی ئوردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کە بەسەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام تەواوبوو، یارییەکە لە شاری عەممان بەڕێوەچوو، شا عەبدوڵڵا بن حوسێن، سەرۆکی ئوردن و ماڵباتەکەی ئامادە بوون، دوای تەواوبوونی یارییەکە وەلی عەهد کوڕی شای ئوردن و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە چوونە لای یاریزانانەکانی عێراق و خۆشەویستیەکی زۆرییان بۆ ئەیمەن حوسێن پیشاندا، ئەمەش دوای ئەوەی کە عێراق پێشکەوت ئەو یاریزانە جارێکی دیکە ئاهەنگی بەنمایشکردنی خواردنی مەنسەفی ئوردنی گێرا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە