ئەحمەد خەلەف بۆ رووداو: لە جەوییە و هەولێرمان بردووەتەوە و دەتوانین لە شورتەش ببەینەوە

12-05-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەحمەد خەلەف یانەی گەرمە
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی گەرمە دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، قسەی بۆ رووداو کرد و ئاشکرایکرد دەیەوێت لە شورتە بباتەوە. 
 
ئەو راهێنەرە یەکێکە لە ناوە گەورەکانی ئێستای وەرزشیی عێراق، دوای ئەوەی غازی فەهد دەستی لە کاری راهێنەرایەتی یانەی گەرمە کێشایەوە، بەر لە چوار مانگ ئەحمەد خەلەف بووە شوێنگرەوەی و ئەنجامەکانی سەرنجراکێشن و بەرپرسانی یانەکەی و هاندەرانی بەبوونی راهێنەرەکەیان دڵخۆشن. 
 
لە مانگی رابردوو یانەی گەرمە سێ بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەبوو لەگەڵ دۆڕانێک، دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی چواری خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەحمەد خەلەف بۆ رووداو گوتی "بۆ یەکەمجار دەمەوێت لە رێگای ئێوەوە زۆر نهێنی ئاشکرا بکەم، ئێمە وەک یەک ماڵبات کاردەکەین، پاڵپشتییەکی گەورەم دەکرێت لەلایەن یاریزانان و هاندەران و دەستەی کارگێڕییەوە، من هێشتا دەمەوێت سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنم و رکابەری دەکەم لە خولی ئەستێرەکانی عێراق". 
 
لە گەڕی 33ـی خولەکەدا یانەی گەرمە سبەی سێشەممە میوانداریی یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەکات، یارییەکە هەموو چاوەکان لەسەر دەبێت، لەبەرئەوەی شورتە دەیەوێت بباتەوە و بەردەوام بێت لە رکابەری زەورای پێشەنگی ریزبەند، لەبەرامبەردا گەرمە لەنێو یاریگەی خۆیدا نایەوێت خاڵ لە دەستبدات.
 
خەلەف، لەبارەی یاریی لووتکەی عێراق روونیکردەوە "ئێمە دەمانەوێت یاری شورتە ببەینەوە، بیر لە ناوی یاریزانانی و ئەنجامەکانی ناکەینەوە، وەرزی ئەمساڵ لە جەوییە و هەولێرمان بردووەتەوە، بۆیە زۆر متمانەم بەو پێکهاتەی خۆمان هەیە کە لە شورتە ببەینەوە". 
 
یانەی گەرمە یەکەمجارە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، ئێستا 46 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەستەی کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ راهێنەرەکەیان کۆبوونەوە و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو رکابەری نازناوەکە بکەن. 
 
راهێنەری گەرمە لەبارەی چارەنووسی داهاتووی دەڵێت "من هەموو کات دەمەوێت ئەنجامەکانم دڵخۆشکەر بن، بەدڵنیاییەوە وەرزی دهاتوو بەهێزتر دەبین و لەماوەی وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەکەمان پلانی باش بۆ وەرزی داهاتوو دادەنێین". 
 
ئەحمەد خەلەف، پێشتر راهێنەری یانەکانی دهۆک، تەڵەبە بووە، ساڵانێکی زۆر وەک یاریدەدەری راهێنەر سائیر ئەحمەد سەرکردایەتی یانەی هەولێریان کردووە و نازناوی خولی عێراقیان بۆ بردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە