بۆچی ئینیگۆ مارتینێز لە بارسێلۆنا رۆیشت؟

11-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا ئینیگۆ مارتینێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هۆکاری رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری ئیسپانی لە یانەی کەتەلۆنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دەبووایە یاریزانێکی دڵی بەرگری بڕوات، دۆخەکە وای دەخواست ئینیگۆ بڕاوت و سوپاسی دەکەین".
 
دوای ئەوەی ئینگۆ مارتینێز بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ریزەکانی بارسای جێهێشت و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد، پرسیارێک لای هاندەرانی بارسێلۆنا لەسەرانسەری جیهان دروست بوو؛ ئایا یاریزانەکە خۆی ویستوویەتی بڕوات، یان بارسا ناچاری کردووە بڕوات؟
 
رۆژنامەڤانێک لەو بارەیەوە پرسیاری ئەوەی لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا کرد کە ئایا رۆیشتنی ئینیگۆ بەشێک بوو لە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکان؟ ئەو راشکاوانە وەڵامی دایەوە و واینیشاندا کە رۆیشتنەکە بۆ هەردوولا سوودی هەبووە.
 
خوان لاپۆرتا گوتی "ئێمە 5 بەرگری ناوەڕاستمان هەبوو، جگە لە یاریزانێکی دیکە کە دەتوانێت وەک بەرگریکاری ناوەڕاست یاری بکات. بۆیە پێویست بوو یەکێکیان بڕوات. بارودۆخەکە بۆ ئینیگۆ هاتەپێش. بۆیە سوپاسی دەکەم، چونکە ساڵی رابردوو وەرزێکی نایابی پێشکێشکرد". 
 
سەرۆکی بارسا هەروەها گوتی "پێموایە ئینگیۆ حەزی دەکرد وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە تەمەنی 34 ساڵیدا ئەم دەرفەتە لە جارێک زیاتر بۆی ناڕەخسێت. ئەو بڕیارێکی دا کە نەک تەنیا کەسی بوو، بەڵکو خێزانیش بوو، بڕیارێکی راست بوو".
 
لاپۆرتا لە درێژەی وەڵامەکەیدا بۆ ئەو پرسیارەی دەربارەی رۆیشتنی ئینیگۆ لێیکرا، گوتی "بۆ ئێمە وەک یانە، ئەو بەبێ کرێی گواستنەوە هات و پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵدا کردبوو کە ئەگەر بارودۆخێکی لەو شێوەیە رووبدات، پاشەکەوتکردنی مووچەکەی یارمەتیمان دەدات لەڕووی یاساکانی یاریی دارایی خاوێنەوە، بۆیە هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".
 

ئینیگۆ مارتینێزی تەمەن 34 ساڵان دوای رۆیشتن لە بارسێلۆنا، بە پەیامێکی درێژ ماڵئاوایی لەو یانەیە کرد و نووسیبووی "سوپاس بارسێلۆنا! ئەمڕۆ ماڵئاوایی لەو یانەیە دەکەم کە کاریگەری لەسەر ژیانم جێهێشتووە. بەرگریکردن لەم دروشمە شەرەف و بەرپرسیاریەتییەک بوو کە هەموو رۆژێک بە خۆشەویستی و پابەندییەوە هەڵم دەگرت. من خەونێک ژیام. لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو دوایین رۆژ. لەبەرکردنی ئەم درێسە شانازیەکی گەورە بوو. سوپاسی ئەو راهێنەرانە دەکەم کە باوەڕیان بە من هەبوو، ستافی راهێنەران بۆ کارە بێدەنگەکانیان و هەروەها هاوڕێکانم کە بوونە خێزانم. هەروەها سوپاسی هاندەران دەکەم بۆ خۆشەویستی بێ مەرجیان و شاری بارسێلۆنا، کە هەمیشە ماڵی من و خێزانەکەم بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. هیوادارم بەرپرسیارێتیەکانم جێبەجێ کردبێت، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی یاریگە. من بە دڵێکی پڕەوە دەڕۆم، دەزانم ک بارسێلۆنا هەمیشە بەشێک دەبێت لە من. ڤیسکا بارسا، ڤیسکا کەتەلۆنیا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە