پەیامەکەی رافینیا لە کلاسیکۆدا بۆ کێ بوو؟

12-05-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەئاماژەکردن بۆ ئەو باندجە شینەی دەستی پێبەستبوو، رافینیا لە دوای تۆمارکردنی گۆڵ لە کلاسیکۆدا، وەڵامێکی دیکەی ریال مەدریدی دایەوە.
 
بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ریال مەدریدی کرد و یارییەکەی بە 4 - 3 گۆڵ لێبردەوە و بەوەش ئومێدی ریال مەدریدی لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ بنەبڕکرد.
 
رافینیا لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوای تۆمارکردنی یەکێک لە گۆڵەکان، ئاماژەی تایبەتی بۆ باندجەکەی دەستیکرد. میدیاکان گوتیان ئەوەی رافینیا، وەڵامە بۆ ئەو تۆمەتانەی پێشتر پزیشکێکی پێشووی ریال مەدرید ئاراستەی یاریزانانی بارسێلۆنای کردبوو.
 
نیکۆ میهیک، کە پزیشکی تیپی ریال مەدرید بووە، پێشتر گوتبووی ئەو هەموو باندجەی یاریزانانی بارسێلۆنا لە یارییەکاندا قۆڵ و دەستیانی پێدەبەستن، نهێنیی شاراوەی تێدایە.
 
میدیاکانی لایەنگری بارسێلۆنا پێشتر وەڵامی پزیشکەکەی پێشووی ریال مەدریدیان دابووەوە و گوتبوویان ئەوە تەنیا تۆمەتبارکردنێکی بێ بەڵگەیە و بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ئەمساڵی ریال مەدریدە.
 
رافینیا ئەمجارە بەکردەنی وەڵامی پزیشکەکەی پێشووی یانەی شاهانەی دایەوە و بەئاماژەکردن بۆ باندجەکەی دەستی، گوتی ئێمە بەپاکی یارییدەکەین و دوورین لە فێڵ.
 
دوای بردنەوەی کلاسیکۆ، بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 82 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا و ریال مەدرید بە 75 خاڵ لە پلەی دووەمە، لە کاتێکدا هەر یانەیەک سێ یاریی لە وەرزەکەدا ماوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە