پاشا حەزی لە مۆندیالی یانەکانە

12-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ مۆندیالی یانەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێڕای ژمارە سەرنجڕاکێشەکانی لە وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرزەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بەسەرکەوتوو دانانێت و دەیەوێت تواناکانی لە شوێنێکی دیکە تاقیبکاتەوە.
 
رۆناڵدۆ و تیپەکەی لە خولی سعودیە رووبەڕووی دۆخێکی قورس بوونەتەوە و هەڕەشەی ئەوەیان لەسەرە ساڵی داهاتوو، لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بەشداری نەکەن، پاشئەوەی لە خولی سعودیەدا بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دابەزین.
 
نەسڕ لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، لە قۆناخی پێشکۆتایی کرایە دەرەوە.
 
رۆناڵدۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک ناتوانێت لەگەڵ یانەکەی نازناوێکی گەورە بەدەست بهێنێت، پەرچەکرداری ئەو یاریزانە پاش دوایین یاریی تیپەکەی بەرامبەر ئتیحاد لە خولی سعودیە، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە.
 
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی یانەی نەسڕ لە هەڵسوکەوتی رۆناڵدۆ پاش یارییەکەی ئیتیحاد رازی نەبوون، بەتایبەت کە ئەو بەتووڕەییەوە یاریگەی بەجێهێشتووە و تووڕەییەکی زۆری پێوە دیار بووە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، رۆناڵدۆ لەنێوان هەردوو گێمی یارییەکەدا لەگەڵ هاوڕێکانی قسەیکردووە و گوتوویەتی، "دەبێ بەرگری بکەین و پێکەوە هێرش ببەین، نامانەوێت ئاگامان لە رووداوەکانی یارییەکە نەبێت، ئیتیحاد تیپێکی رێکخراو و خێرایە و ویستی بەهێزی بۆ گەڕانەوە هەیە، هەرلەبەرئەوە دەبێ هاوئاهەنگ بین لەپێناو بردنەوە و نەهێڵین گۆڵمان لێبکرێت.
 
بەڵام لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، دۆخەکە تەواو گۆڕا و نەسڕ لە کاتێکدا بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر لەپێش بوو، دۆخەکەی گۆڕا بە 3 - 2 گۆڵ و ئیتیحاد لە کۆتاییدا یارییەکەی بردەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەوەی بەسەر یانەکەدا هاتووە، وایکردووە و رۆناڵدۆ و کارگێڕیی نەسڕیش بیر لە پێداچوونەوە بەو گرێبەستە زارەکییەدا بکەن کە پێشتر کردوویانە و دەبوو بۆ دوو ساڵی دیکە پێکەوە بەردەوام بن.
 
هەمان ئەو سەرچاوە سعودییانە دەڵێن، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ، بیرۆکەی بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە مۆندیالی یانەکان بەدڵە، کە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا ئەنجامدەدرێت.
 
پێشتر هەندێک سەرچاوە باسیان لەوەکردبوو کە فیفا هیواخوازە رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەیەک بەشداری مۆندیالی یانەکان رێکبکەوێت، تاوەکو سەرنجی زیاتر بۆ سەر پاڵەوانێتییەکە ببات، بەتایبەت کە لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بەشدارە و بۆ فیفا و جیهانیش سەرنجڕاکێش دەبێت ئەگەر هەردووکیان پێکەوە بەشداربن.
 
هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوەدابوو کە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات تەنیا بۆ ماوەی بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان کە یانەکەش تێیدا بەشدارە.
 
بەپێی سەرچاوە سعودییەکان، رۆناڵدۆ هەست بەبێئومێدییەکی زۆر دەکات، پاشئەوەی سێ وەرزی لە سعودیە بەبێ نازناو بردە سەر و دەیەوێت قەرەبووی ئەوە بکاتەوە بەوەی لەگەڵ یانەیەکی بەهێز بچێتە مۆندیالی یانەکان.
 
تاوەکو ئێستا یانەی چێڵسی بەفەرمی هیچ لێدوانێکی لەبارەی چوونی رۆناڵدۆ بۆ یانەکە نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە