ئەلۆنسۆ داوای یاریزانێکی دیکە دەکات

12-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کار بۆ گرێبەستێکی دیکە دەکات و ئەگەری هەیە لەم هاوینەدا گرێبەستەکە بکرێت، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وردەکاری نوێ لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات.
 
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید لە جامی جیهانی یانەکاندا، لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو، بەرگریی یانەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و کارگێریی یانەکەی ناچار کرد بەدوای بەرگریکاری نوێدا بگەڕێت.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکا، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەکە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارێکی نوێ واژۆ بکات، ئەو بەرگریکارەشی ناوی بە یانەی شاهانەوە بەستراوەتەوە ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوولە.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "یانەی لیڤەرپوول ئاگادارە کە یانەی ریال مەدرید چەند جارێک پەیوەندیی بە یاریزانەکەوە کردووە، بۆیەش ئەو یاریزانە دووجار رەتیکردووەتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە و ئەوەی بە لیڤەرپوول راگەیاندووە، کە دوورنییە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات و بچێتە دەرەوەی ئینگلتەرا."
 
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یانەی لیڤەرپوول بیر لە جێگرەوەیەک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری رۆیشتنی کۆناتێ شوێنی ئەو یاریزانە پڕبکاتەوە.
 
گرێبەستی ئیبراهیما کۆناتێی 26 ساڵ لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، نرخی یاریزانەکە 60 ملیۆن یۆرۆیە و لیڤەرپوول نایەوێت بە کەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، بەڵام ریال مەدرید ئامادەنییە زیاتر لە 25 ملیۆن یۆرۆ بە یاریزانەکە بدات.
 
هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئیبراهیما کۆناتێ لەکاتێکدایە، یانەکە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بێبەرامبەر لەو یانەیەوە گواستووەتەوە ریزەکانی و ئەگەر گرێبەستەکە بکرێت دەبێتە دووەم یاریزانی لیڤەرپوول پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە