رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەردوو یانەی کوردستان، دوو یانەکەی دەڤەری بادینان، دهۆک و زاخۆ لەسەر یاریگەی شەعبی نێودەوڵەتی لە بەغدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی جامی عێراق، کە هەردووکیان بەشایستەیی گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی.
هەردووکیان لە دوو یانەی گەورەی بەغدایان بردووەتەوە، هەردووکیان یەکەمجار دەچنە یاریی کۆتایی جامی عێراق، یارییەک دەکەن پێشتر هاوشێوەی نەبووە، دهۆک و زاخۆ، دوو یانە کوردستانییەکەی یاریی کۆتایی جامی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە و مێژوویی ئامادەن.
جامەکە ئامادەیە، سلێمان رەمەزان لەگەڵ هاروون ئەحمەد و عەبدولغەنی شەهد، لەگەڵ شڤان جەمیل وێنەی یادگارییان لەگەڵ جامەکە گرت، بەڵام لە کۆتاییدا یەکێکیان جامەکە لە باوەش دەکات و لەگەڵ خۆی دەیگەڕێنێتەوە.
یارییەکە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە ئەو یاریگە نێودەوڵەتییە یارییەک بەخۆیەوە دەبینێت هەرگیز رووینەداوە، دوو یانەی کوردستان بە دەنگ و رەنگی کوردی، دوای وەرزێکی دوور و درێژ و پڕ لە رکابەری لەم یاریگەیەدا دەیانەوێت مێژوو بنووسنە، پەیژەکانی لە بنەڕەتدا شین و سپین، بەڵام ئەمشەو رەنگی سوور و سپی زاخۆ و زەرد و شینی دهۆک پڕی دەکەن لە جوانی.
یانەی زاخۆ لەبەردەم هەلێکی گەورەی مێژوویدایە، یەکەمجارە یانەکە دەگاتە یارییەکی کۆتایی لەسەر ئاستی عێراق، یانەکە لە باشترین کاتەکانیدایە و دەیەوێت ئەم هەلە گەورەیە لەدەست نەدات، بۆ ئەوەی خەونی 38 ساڵ چاوەڕوانیی هاندەرانی بۆ بردنەوەی نازناوێک بکاتە راستی و جامی عێراق لەنێو دڵخۆشییەکی لەبیرنەکراودا بباتە باوەشی پردی دەلال و خابیری زەڵاڵ.
بۆ ئەم یارییە گەورەیە هەزاران هاندەر لە زاخۆوە بەدرێسی یانەکەوە چوونەتە بەغدا، ماندووبوون و گەرما، رێگای دوور و کەمخەویی کاریان تێناکات و ئەوان وەکو هەمیشە دەیانەوێت یاریزانی ژمارە 12 بن لە پشتی یانەکەیان.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی زاخۆ، لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ئەوە ئامانجە، ئامانجێکی کەسییە بۆ من وەک راهێنەر کە لەگەڵ یانەی زاخۆ وەرزەکە بەبێ دۆڕان تەواو بکەم، ئامانجی هاندەران و هەموو بەرپرسانی تۆپی پێی زاخۆیە کە جامی عێراق بەدەستبێنین، بەڵام ئێمە دەزانین کە تۆپی پێ رکابەرییە و تیپی رکابەرمان تیپێکی باشە، یاریزانی لە ئاستی بەرزدا هەیە و پێشتر پاڵەوانێتییەکی گرنگی بردووەتەوە. هەروەها لەسەر ئاستی خولیش لەدوا گەڕەکاندا جۆرێک لە پاشەکشەی هەبوو، بەڵام تیپێکی بەڕێزە، بۆیە پشتیوان بەخوا بەچاوی ئەوە سەیری یارییەکە دەکەین کە نازناوەکە ببەینەوە".
ئەو زیاتر گوتی "یارییەکە لەوانەیە بگاتە دوو گێمی زیادکراو یان بگاتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بۆیە ئەگەری روودانی هەموو سیناریۆکان لەئارادایە، بۆیە دەبێت تیپەکەمان بەو شێوەیە بێت کە لەسەری راهاتووین و تیپێکی رێکخراو بێت و یاریزانەکان پێویستە لە ئاستێکی هزری باشدابن".
راهێنەری زاخۆ هەروەها گوتی "سەبارەت بە ناوبژیوانان، ئەوان برای ئێمەن و گوشاریان لەسەرە، ئەم وەرزە سوپاس بۆ خوا کێشەمان لەگەڵیان نەبوو. ئەم وەرزی زاخۆ پێموایە وەرزێکی نموونەییە، ئەمە بە کۆششی دەستەی هونەری و یاریزانان و بەرپرسانی یانەکە بووە. هاندەرانیش پشتیوانمان بوونە، داوا لە خوای گەورە دەکەم کە ئەم یارییە ببێتە بەرهەمی ئەو کۆششانە. دواتر ئەوە تۆپی پێیە و هەردوو یانە لە یەک پارێزگان و پشتیوان بەخوا هەردوو یانە دیمەنێکی هونەری جوان پێشکێش دەکەن کە شایستە بێت بەو پێشکەوتنە وەرزشییە پارێزگای دهۆک بەخۆیەوە بینیوە".
یانەی دهۆک، پاڵەوانی جامی کەنداوە، ئەوانیش یەکەمجارە یاریی کۆتایی جامی عێراق دەکات و دەیەوێت ئەم وەرزە بە جوانترین شێوە کۆتایی بهێنێت، بردنەوەی نازناوی جامی عێراق بکاتە دووەم نازناوی ئەم وەرزەی.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری بەنێوبانگی کوردستان، سێ یارییە گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەو باش یانەکە دەناسێت و هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە، ئەلهویێن چیا بۆ ئەم یارییە گەورەیە ئامادەن و دەیانەوێت بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر زاخۆ تۆماربکەن.
لەبارەی ئەو یارییەوە، سلێمان رەمەزان گوتی "سەبارەت بە یارییەکە، یاریی کۆتاییە، یاریی چنینەوەی بەرهەمی وەرزێکە بۆ یانەی دهۆک، پشتیوان بەخوا لە ئاست خواستی هەندەران و هەوادارندا دەبین، باشترین ئاستمان لەم یارییەدا پێشکێش دەکەین و خەونی هاندەرانی دهۆک دێنینەدی بەبردنەوەی جامی عێراق بۆ یەکەمجار".
سەبارەت بە یاریگەکەش، راهێنەری یانەی دهۆک گوتی "ئێمە نین یاریگا دیاری دەکەین، یەکێتییی تۆپی پێی عێراق دیاری دەکات، بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا کام یاریگە بۆ دهۆک باشترە، نەخێر هەر یاریگەیەک لەلایەن یەکێتییی تۆپی پێێ عێراق دیاری بکرێت ئێمە ئامادەین بۆ ایریکردن و پشتیوان بەخوا تیپەکەکەمان لەو پەڕی ئامادەباشیدایە".
هاوشێوەی زاخۆ، هەزاران هاندەر بەدرێسی زەردی یانەکەوە دەچنە یاریگەی شەعب، هەمووان دەیانەوێت بە یەک دەنگ هاواربکەن، ئەم هەلهویێن زەرین، ئەم شین و زەرین.
بەرلەوەی دهۆک و زاخۆ یەکێکیان براوەبێت، کوردستان براوەیە، ئەمە یەکەمجارە دوو یانەی کوردستان یاریی کۆتایی جامی عێراق دەکەن، پەیامی هەردوو یانە بەر لە یارییەکە ئەوەیە ئەمە تۆپی پێیە و رکابەرییە، کێ براوەبوو چەپڵەی بۆ لێدەدەن و پیرۆزبایی لێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ