رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپی بەربژێری بەهێزی نێو میدیاکانی ئیسپانیا، بۆ مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە پێشبینی بڕیاری رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی یانەکە نەکردووە.
ئێوارەی دوێنی، ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند، پاش رۆژێک لە لەدەستدانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، پاش دۆڕان بە بارسێلۆنا بە 2 - 3 گۆڵ.
ریال مەدرید رایگەیاندووە ئەلڤارۆ ئەربیلوای راهێنەری تیپی دووەمی یانەکە، بەشێوەی کاتی، مەشقدانی تیپەکە وەردەگرێت.
کڵۆپ لە کاتی راگەیاندنی رۆیشتنی چابی لە ریال مەدرید، لە نێو ستۆدیۆی پۆدکاستێک بووە و پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی چابی، راستەوخۆ پرسیاری لێکراوە لەبارەی ئەوەی روویدا. ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە لە وەڵامی پرسیارەکەدا دەڵێ، "بڕیارەکە پەیوەندی بەمنەوە نییە بەهیچ شێوەیەک".
لە پۆدکاستەکەدا، پرسیار لە کلۆپ کراوە: هەواڵی دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی ریال مەدرید بڵاوبووەتەوە، پرسیارەکەم ئەوەیە، تەلەفۆنەکەت دەستیکردووە بەزەنگ لێدان؟
کڵۆپ بەپێکەنینەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێ، "لە راستیدا بەڵێ دەستیکردووە بە زەنگ لێدان، بەڵام ئەوەی پەیوەندیکرد ریال مەدرید نەبوو، بەڵکو هەندێک کەس کە پێیانوابوو پێویستە لەبارەی پرسەکەوە راستەوخۆ قسەم لەگەڵ بکەن".
کڵۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، هەروەها دەڵێ، "ئەوەی روویدا پێموایە ئاماژەیەکی دیکەیە لەسەرئەوەی کە دۆخەکە لەوێ باش نییە. چابی ئەلۆنسۆ کە لە دوو ساڵی کارکردن لە لیڤەرکوزن بەهرەیەکی ناوازەی راهێنەرایەتی پێشاندا، ئێستا پاش تەنیا شەش مانگ لە یانەکە دەڕوات و ئەوەش بۆخۆی زۆر شت دەڵێت".
کڵۆپی بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە کۆمپانیای 'رێد بوڵ' هەروەها دەڵێ، "ئەم رووداوە، لەلایەکەوە دەریدەخات کە لە تۆپی پێی هاوچەرخدا کاتی پێویست بەردەست نییە. لەلایەکی دیکەشەوە دەریدەخات کە لە ریال مەدرید بنمیچی داواکارییەکان زۆر بەرزن".
یۆرگن کڵۆپ کە لە کۆتایی وەرزی 2023 - 2024 دەستی لە مەشقدانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کێشایەوە، لە سەرەتای ساڵی 2025 پۆستە نوێیەکەی لە کۆمپانیای 'رێد بوڵ' وەرگرت و چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە ئەو لە کارە نوێیەکەی دڵخۆشە و بیر لە گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی ناکاتەوە.
ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە وایداناوە کە بڕیاری دوورخستنەوەکە، "لەناو گەرمەی هەڵچووندا بووە، پاشئەوەی تیپەکە لە بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا".
دووپاتیدەکاتەوە، "ماوەیەک بوو گوێمان لە دەنگۆکانی دوورخستنەوە دەبوو. بەڵام ئەگەر پرسیارەکە بەو شێوەیەیە کە رووداوەکە پەیوەندی بەمنەوە هەیە؟ دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بەمنەوە نییە، لای منەوە هیچ جووڵەیەک نەکراوە".
کڵۆپ لە کۆتاییدا دەڵێ، "بەڕاستی من شۆک بووم بەوەی روویدا، دواتر هەندێک نامەم لە هەندێک کەسەوە بۆهات، منیش بەکۆمەڵێک ئیمۆجی وەڵامم دانەوە".
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ریال مەدرید هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە کێ شوێنگرەوەی چابی ئەلۆنسۆ دەبێت لە مەشقدانی یانەکە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یۆرگن کڵۆپ، دڵخوازترین راهێنەری سەرۆکی ریال مەدریدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ