رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی داوە و پێنج یاریزانی سەرەکی یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا بۆ فرۆشتن دەخاتە بازاڕەوە!
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، چابی ئەلۆنسۆی ئیسپانی، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید بەنیازی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە لەپێکهاتەکەیدا لە کاتی دەستپێکردنی ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا.
ئەلۆنسۆ دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە پێکهاتەکەی ریال مەدریددا بکات بۆ ئەوەی باشترین پێکهاتەی بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکات، بەشێوەیەک کە خزمەت بەشێوازی یاریکردنی لەگەڵ تیپەکە بکات.
راهێنەرە ئیسپانییەکە ئامانجی ئەوەیە لۆس بلانکۆس بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندیی خولەکان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی کیشوەری.
یانەی ریال مەدرید بڕیارە لەم هاوینەدا چەند بەرگریکارێک دووربخاتەوە، وەک فێرلاند مێندی و فران گارسیا کە مۆڵەتی رۆیشتنیان وەرگرتووە، کارگێڕیی یانەکەش نزیکە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکاری چەپی بێنفیکا رابگەیێنێت.
هەروەها دەیڤد ئالابای نەمسایی لە پلانەکانی ئەلۆنسۆ دەرچووە. یاریزانە تەمەن 32 ساڵەکە ئەگەری هەیە لە هاویندا بەبێ بەرامبەر ریال مەدرید جێبهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە مانگی حوزەیرانی 2026 کۆتایی دێت.
چابی ئەلۆنسۆ هەروەها ئۆریلیان چوامینی یاریزانی فەرەنسی بۆ فرۆشتن داناوە، کە نرخەکەی بە 80 ملیۆن یۆرۆ دادەنرێت.
لەوانەیە سەیرترین بڕیاری ئەلۆنسۆ ئەوەبێت کە لاری نییە لەوەی رۆدریگۆ گۆسی هێرشبەری بەرزایلی بفرۆشن، کە پێشبینی دەکرێت لە بازاڕدا 100 ملیۆن یۆرۆ بکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ناڕازیبوونی لە پێگەی خۆی لەناو تیپەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ