هەولێر کلاسیکۆی کوردستانی لە دهۆک بردەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولەکە بەهێزتر کرد

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لە یاریی کلاسیکۆی کوردستاندا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی دهۆکدا تۆمارکرد و بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەهێزتر کرد.
 
لە گەڕی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بڕیاربوو کاژێر 17:30 یاریی دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی یارییەکە بە چەرەگێک، کاژێر 17:45 فیکەی دەستپێکردن لێدرا. لە سەرەتای یارییەکە بەهۆی کوژانەوەی سەرجەم بلاجکتۆرەکانی یاریگەی فرانسۆ هەریری، یارییەکە بۆ چەند خولەکێک راگیرا و تەنیا رووناکیی مۆبایلی هاندەران دەبینرا، دوای چاککردنەوەی کێشەکە یارییەکە دەستیپێکردەوە.
 
لە خولەکی 25، پیتەر گۆرگیس لە لێدانێکی راستەوخۆوە تۆپێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی هەولێر کرد، بەڵام تۆپەکە بەر ستوونی گۆڵەکەی کامیل سەعدی گۆڵپارێز کەوت. پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم، سەفین مەنسوور هەوڵێکی بۆ هەولێر دا، بەڵام عەلی یاسینی گۆڵپارێزی دهۆک بە جوانی بەرپەچی دایەوە و گێمی یەکەم بێ گۆڵ تەواوبوو.
 
لە سەرەتای گێمی دووەم، باسم قاسمی راهێنەری هەولێر بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوەڕاستی یاریگە، بژار مەهدی و عەلی شاخەوانی هێنایە شوێنی پاڤلێ رادۆنۆڤیچ و سەفین مەنسوور. لە خولەکی 47  مستەفا قابیل گۆڵی یەکەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد دوای ئەوەی ئاسیستێکی نایابی لەلایەن شێرزوود تێمیرۆڤەوە بۆ کرا.
 
عەبدولغەنی شەهدی راهێنەری دهۆک بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، لە خولەکی 60 یوسف بن سۆدە و ئەحمەد عەلی هێنایە نێو یاریگە. لە خولەکی 80، کەریم عەبد دەروێش لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد، بەڵام چووە دەرەوە.
 
لە 10 خولەکی کۆتاییدا، رکابەرییەکە گەرمتر بوو. یوسف بن سۆدەی یاریزانی پێشووی هەولێر بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ دهۆک یەکسانکردەوە. بەڵام خۆشیی دهۆکییەکان تەنیا سێ خولەکی خایاند، کاتێک گەیلان لوقمان بە لێدانێکی سەر وەڵامی دایەوە و گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ یانەی پایتەخت تۆمارکرد.
 
بەو ئەنجامە هەولێر بووە خاوەنی 30 خاڵ و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی مایەوە، دهۆکیش بە 17 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەدایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە