رووداو دیجیتال
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، وەڵامی پۆستێکی گاریس بەیڵی دایەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردبووەوە، هەروەها باسی دوایین پەرەسەندنەکانی چاکبوونەوەی هاری کەینی هێرشبەری لە پێکانەکەی کرد.
له کۆنگره رۆژنامەڤانییەکەی بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، کە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 24ـی پرێمەرلیگدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، مۆرینیۆ قسەکانی بەیڵی بەدرۆخستەوە.
مۆرینیۆ بە قسەکردن لەسەر بەیڵ دەستی بە کۆنفرانسەکە کرد، کە یاریزانەکە وێنەیەکی لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی بڵاوکردبووەوە و وای نیشانداوە کە چێژ لە راهێنانی باش وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یارییدا دوورخراوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبووە.
مۆرینیۆ گوتی "پێویستە ئەم بڵاوکراوەیەی بەیڵ روونبکرێتەوە، چونکە نەگونجانێک لەنێوان ئەوەی گوتوویەتی و واقیعدا هەیە".
راهێنەری تۆتێنهام، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "لە سەرەتای وەرزەوە هەوڵم داوە چێژ لە تایبەتمەندییەکان وەربگریم و هەموو شتێک لە ژوورە داخراوەکاندا بهێڵمەوە، بەڵام لێرەدا پێویستە دۆخەکە روون بکەمەوە، ئەو قسانەی بەیڵ ئەوە دەردەخەن کە لە راهێنانەکاندا زۆر باش بووە و ئامادەیە بۆ یاریکردن، بەڵام ئەوە راست نییە".
ئەو راهێنەرە، هەروەها گوتیشی "دووبارەی دەکەمەوە، ئەو هەست بە باشی ناکات، داوای تیشکی کرد، کە هیچ شتێکی پیشان نەدا، بەڵام هەستی بە خراپی دەکرد، ئێمەی راهێنەرانیش بەپێچەوانەی هەستی یاریزانان کارناکەین، بۆیە ئامادە نەبوو بۆ یارییەکە".
سەبارەت بە دۆخی جەستەیی هاری کەین و ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتیدا؟ مۆرینیۆ لە وەڵامدا گوتی "پێموایە کەین دەتوانێت یاریی بکات، چونکە پێشتر 60 خولەک یاریکردووە و هەستی بە هیچ ئازارێک نەکردووە".
سپێشەڵ وەن، پەسنی ئێریک لامێلای هێرشبەریشی دا و گوتی "دووپاتیدەکەمەوە کە ڤێرژنە باشەکەی لامێلام خۆشدەوێت، ئەو لەو جۆرە یاریزانانەیە کە زۆرم خۆشدەوێن، ئەو هەمیشە ئارەزووی یاریکردن و بەرپرسیارێتی هەیە، ون نابێت، ئەو هەمیشە دەیەوێت تۆپەکە بەدەستبێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ