رووداو - هەولێر
ماریۆ بالۆتێلی، یاریزانی ئیتالی یانەی بریشیا، داوا لە هەموو یاریزانانی کیشوەری ئەفریقا دەکات ئەوروپا جێبهێڵن، بگەڕێنەوە کیشوەری رەش یاری بکەن و تۆپی پێ لە وڵاتەکانی خۆیان پێشبخەن.
بالۆتێلی، هەمیشە یەکێک بووە لەو یاریزانە رەشپێستانەی زۆرترین جار لەنێو یاریگەکانی ئەوروپادا رووبەڕووی رەگەزپەرستی هاندەران و تەنانەت یاریزانە سپی پێستەکانیش بووەتەوە، بۆیە بیرۆکەیەکی هەیە بۆ ئەوەی بەشێوازی خۆی سزای ئەو رەگەزپەرستانە بدات، ئەو نایەوێت چیدی ئەوروپا سوود لە توانای یاریزانە ئەفریقییەکان وەربگرێت.
بالۆتێلی تەمەن 30 ساڵان، لە بڵاوکراوەیەکدا داوای لە یاریزانە ئەفریقییە رەشپێستەکان کرد، ئەوانەی لە خولەکانی ئەوروپا یاری دەکەن، بڕیاری رۆیشتن لە ئەوروپا بدەن و چیدی خزمەتی تۆپی پێی ئەوروپا و هاندەرانیان نەکەن، هەروەها بە بۆچوونی ئەو پێویستە خۆی و یاریزانە ئەفریقییەکان بە پارە و بە تواناکانیان بەشداری بکەن لەبەرەوپێشبردنی تۆپی پێ لە کیشوەری رەش.
بالۆتێلی دەڵێت "داوا لە هەموو یاریزانە ئەفریقییەکان دەکەم، ئەوروپا جێبهێڵن و پارە کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی یاریگەی گەورە و جیهانی لە ئەفریقا دروست بکەین و بەهرەکانی تۆپی پێ لە وڵاتەکانمان پەرە پێبدەین".
بالۆتێلی هەروەها دەڵێت "ئێمە بەشی ئەوە پارەمان هەیە بە لای کەمەوە لە هەر وڵاتێکی ئەفریقا 5 یاریگەی گەورە دروست بکەین و رێگە نەدەین هیچ یاریزانێکی ئەفریقی بچێت لە ئەوروپا یاری بکات، ئەوکات دەتوانین هەموومان وەک برا پێکەوە بەو پەڕی خۆشەویستییەوە یاری بکەین، دوور لە رەگەزپەرستی ئەوروپا".
ماریۆ بالۆتێلی، کە بە شایەتی زۆر لە چاودێر و راهێنەران خاوەن توانا و بەهرەیەکی زۆر بوو، بەڵام ئەو هەمیشە لەنێو یاریگەدا لە لایەن هاندەرە رەگەزپەرستەکانەوە کراوەتە ئامانج، کە زۆرجار بە مەیموون بانگیان کردووە، ئەو بەهۆی ئەو رەگەزپەرستییەوە زۆر فرمێسکی رێشتووە و چەندجارێکیش هەوڵیداوە لە کاتی یارییدا یاریگە جێبهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ