رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەورەترین سەرکەوتنی لە خولی پیشەگەری سعودیە بەدەستهێنا و 9-0 لە ئەخدوودی بردەوە. سادیۆ مانێش سوپەرهاتریکی تۆمارکرد.
لە گەڕی سی و یەکەمی خولی پیشەگەری رۆشن، یانەی نەسڕ گەورەترین سەرکەوتنی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بووە میوانی یانەی ئەخدوود و نۆ بەهیچ لێیبردەوە.
لەخولەکی 16ـی یارییەکەدا یانەی نەسڕ لەڕێگەی ئەیمەن یەحیاوە گۆڵی پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
جۆن دورانی یاریزانی کۆلۆمبی، لەخولەکی 20 گۆڵی دووەمی نەسڕی تۆمارکرد، مارسێلۆ برۆزۆڤیچی کرواتییش دوای 7 خولەک گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
لە کۆتایی گێمی یەکەمدا و لەخولەکی 45+6 گۆڵی چوارەم لەلایەن سادیۆ مانێی سەنیگالییەوە بە لێدانی سزا بۆ تیپی میوان تۆمارکرا.
لە نیوەی دووەمدا و دوای تێپەڕبوونی 7 خولەک، دوران گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی تیپەکەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە خولەکی 47 پاولۆ ڤیکتۆری گۆڵپارێزی ئەخدوود بە کارتی سوور دەرکرا.
لە خولەکەکانی 59 و 64 و 74 سادیۆ مانێ سێ گۆڵی دیکەی لەسەریەکی بۆ نەسڕ تۆمارکرد.
مانێ لەم وەرزەدا یەکەم سوپەر هاتریکی بۆ یانە سعودییەکە تۆمارکرد.
تیپی میوان لەخولەکی 90+4 لەڕێگەی یاریزانەکەی محەممەد مارانەوە گۆڵی نۆیەمی تۆمارکرد، کە دوای ئەوەی وەک یاریزانی یەدەگ هاتە نێو یاریگا لێدانی سزای بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد.
نەسڕ گەورەترین سەرکەوتنی لەخولی پیشەگەری سعودیە بەدەستهێنا، کە هاوتایە لەگەڵ سەرکەوتنی هیلال بەرامبەر ئەلحەزم و فاتح بەهەمان ئەنجام.
یانەی نەسڕ بەسەرکردایەتی ستیفانۆ پیۆلیی راهێنەری ئیتاڵی ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 63 خاڵ و بە پێنج خاڵ لەدوای هیلالی خاوەنی پلەی دووی ریزبەندییە و تەنیا 3 گەڕ لە خولەکە ماوە.
لەکاتێکدا ژمارەی خاڵەکانی ئەخدوود وەک خۆی مانەوە کە 28 خاڵە و لە پلەی حەڤدە و پێش کۆتایی ریزبەندیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ