رووداو هەولێر
ئاکام ئارام، تاکە یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ئاشکرایکرد، خەونەکەی بووەتە راستی و خواستی ئەوەیە لە داهاتوودا درێسی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقی یانەی هەولێر ببپۆشێت و بە ئاستبەرزی خزمەتی هاندەرانی یانەکە بکات.
ئەو یاریزانە لاوە خەڵکی هەولێرە، لەدایکبووی 2007 و وەرزی رابردوو لە خولی لاوانی عێراق توانی 17 بۆ تیپی لاوانی هەولێر تۆماربکات، لە خولی نایابی کوردستانیش درێسی یانەی برایەتی پۆشی و 4 گۆڵی هەبوو، ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە کەمپی راهێنان و ئامادەکارییە بۆ جامی کەنداو بۆ لاوان کە بڕیارە رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە سعودیە بەڕێوەبچێت.
ئاکام کەریم، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاریدەکەم و ئەو تیپە لای من پێگە و گەورایەتی هەیە، گەیشتن بەو تیپە ئاسان نییە و هەوڵی زۆری دەوێ، لەگەڵ کاپتن ئەحمەد سەڵاحی گەورە راهێنەر زۆر ئاسوودەم و ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە جامی کەنداو".
تاکە یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لەلایەن سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی هەولێر لە دوو یاریی کۆتایی وەرزی رابردوو بانگهێشتی تیپی یەکەم کرا، بۆ وەرزی نوێش چاوەڕوان دەکرێت ببێتە جێگای بایەخی تیپەکە، بەتایبەت باسم قاسمی راهێنەری یانەی هەولێر پلانی بایەخدانی بە ژمارەیەک یاریزانی لاوی هەیە.
لەبارەی یانەی هەولێر یەو بەهرەمەندە روونیکردەوە "پەنابەخوا یانەی هەولێر دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆی و هاندەرانی شایستەی دڵخۆشین، بۆیە دەمەوێت خزمەتیان بکەم، پەیوەندیم پێوە کراوە لەلایەن یانەی هەولێرەوە بۆ ئەوەی لە ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریبکەم، بەڵام من جارێ پابەندم بە راهێنانەکانم لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، کە گەڕامەوە هەولێر لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەکە دادەنیشم".
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ جامی کەنداو و پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی ئاسیا دوو کەمپی راهێنانی لە بەسرە و بەغدا ئەنجامداوە.
ئاکام کەریم، دەڵێت خەونی گەورەی گەیشتن بووە بە هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی کاروانی داهاتوو ئاشکرایکرد "ئەگەر لە یانەی هەولێر یاریبکەم ئەوە هەموو توانام دەخەمە گەڕ، گەر لە هەڵبژاردەی عێراقیش لە پێکهاتەی سەرەکی یاریبکەم سەری هەموو کورد بەرز دەکەمەوە بە ئاستبەرزیم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ