دۆڕانە گەورەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید سەری ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەخوات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئەلیخاندرۆ باڵدێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەقینەوەیەکی بێدەنگ لە ناوخۆی بارسێلۆنا روویداوە لەدوای دۆڕانە گەورەکە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید. دەرئەنجام هانزی فلیکی راهینەر و رافینیا لەسەر رۆشتنی ئەستێرەیەکی گەورە لە هاویندا رێککەوتوون. سەرچاوەکان دەڵێن "رافینیا پێشنیازەکەی بە فلیک داوە، ئەویش هاوڕای بووە".
 
بارسێلۆنا تووشی شکستێکی سەخت بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە کەلێنە بەرگرییە مەترسیدارەکان و کەمیی بیرۆکەی هێرشبەریی ئاشکرا کرد، بەتایبەتی لە بە ئامادەنەبوونی پێدری و رافینیا.
 
باڵدێ یەکەم زەرەرمەندە
 
ئەلیخاندرۆ باڵدێ لە کاتی یارییەکەدا بەشێوەیەکی نەرێنی دەرکەوت، چونکە ئاستێکی لە خوار چاوەڕوانییەکانەوە پێشکەش کرد و بێزارکەرترین یاریزان بوو بۆ هانزی فلیکی راهێنەر لە ماوەی 90 خولەکەکەدا. فلیک بڕیاری دا باڵدێ لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی داهاتوو دووربخاتەوە، لانیکەم تا ئەوکاتەی هەڵەکانی چاک دەکاتەوە و شایستەیی خۆی دەسەلمێنێت.
 
لەناو کۆڕ و کۆمەڵەکانی بارسێلۆنادا، ئەو بۆچوونە دروستبووە کە ئەم وەرزە شتێک گۆڕاوە. ئەو یاریزانە ئیسپانییەی کە بە جێگیری و هێزی بەرگری ناسرابوو، وەک هەمیشە دەرنەکەوتووە، چ لەڕووی توانای جەستەیی یان دەروونییەوە، ئەمەش راستەوخۆ رەنگی داوەتەوە سەر هاوسەنگی تیپەکە لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا.
 
یەک دەستنیشانکردن لەلایەن فلیک و رافینیاوە
 
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هانزی فلیک و رافینیا، سەرەڕای جیاوازی رۆڵەکانیان لەناو تیپەکەدا، گەیشتوونەتە هەمان بۆچوون: بەردەوامبوونی باڵدێ لەوانەیە چارەسەری نموونەیی نەبێت. هەردووکیان پێیان وایە فرۆشتنی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا دەبێت، چ یانەکە و چ خودی یاریزانەکە.
 
کەس گومان لە کوالیتی باڵدێ ناکات، چونکە کاتێک لەوپەڕی ئامادەییدایە بەیەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان دادەنرێت، بەڵام ئەم وەرزە ئەو ئاستەی لێ ونبووە، ئەمەش وایکردووە لە ژووری جلگۆرینی بارسێلۆنادا بکەوێتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە.
 
بێزارییەکی روو لە زیادبوون
 
سەرچاوەکانی نزیک لە تیپەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە یاریزانانی بارسێلۆنا بێزاری خۆیان لە ئاستی باڵدێ لەم وەرزەدا دەربڕیوە. ئەو تێڕوانینە باوە هەیە کە ئەو کەمتر تێکەڵ بووە و لەڕووی دەروونییەوە لە کەشی یارییە گەورەکان دوورکەوتووەتەوە، لەگەڵ پاشەکشەیەکی ئاشکرا لە ئاستیدا بەراورد بە وەرزی رابردوو.
 
هەندێک پێیانوایە یاریزانەکە بە ریتمێکی جیاواز یاری دەکات، و هەڵە دووبارەبووەکانی لەجیاتی متمانە، گرژیی دروست کردووە، لەکاتێکدا بارسێلۆنا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پڕۆژە وەرزشییەکەی پێویستی بە سەقامگیری و دیسپلین هەیە.
 
بڕیارێکی سەخت بەڕێوەیە
 
بارسێلۆنا دەزانێت کە بڕیارەکە ئاسان نابێت، بەڵام ئاراستەی گشتی لەناو یانەکەدا بەرەو ئەوە دەچێت کە فرۆشتنی باڵدێ لە هاویندا گونجاوترین هەنگاو بێت لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کە دان بەهیچ شتێکدا نانێت جگە لە ئامادەیی تەواو، چ لەڕووی هونەری و چ لەڕووی دەروونییەوە. لەم تیپەدا، بەس نییە کە لە باشترینەکانی جیهان بیت، بەڵکو دەبێت هەموو رۆژێک ئەوە بسەلمێنیت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە