کێبرکێی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق گڕ دەگرێت

14-08-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

تا دێت ململانێ و کێبرکێ لەنێوان بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق گەرمتر و تووندتر دەبێت و سێ کەس بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە.
 
بڕیارە رۆژی 16ـی مانگی نۆی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە شاری بەغدا ئەنجام بدرێت و ململانێیەکی بەهێز لەنێوان بەربژێرەکاندا هەیە. 
 
پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییەکە ململانێیەکی بەهێزی لەسەرە، کە 3 کەس خۆیان بەربژێرکردووە. 
 
عەدنان درجال، سەرۆکی ئێستای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، پێشخستنی زیاتری خولی ئەستێرەکانی عێراق و کارکردن لەگەڵ لالیگا و بایەخدان بەژێرخانی یاریگەکانی کردووە بە پرۆژەی بانگەشەی خۆی.
 
یونس مەحموود، کە ئێستا پۆستی جێگری هەیە و دەیەوێت کورسیی سەرۆکایەتی وەربگرێت، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2007ـی بردەوە، رەخنەیەکی زۆری هەیە و کارێکی بەهێزی کردووە بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت. 
 
یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەیاد بنەیانە، کە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری وەرزش، ئەزموونێکی باشی کارگێڕی هەیە و پێشتر سەرۆکی دەستەی کاتیی یەکێتییەکە بووە. 
 
محەممەد سەعید، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوت "عەدنان درجال، لە رووی کەسایەتی و کارگێڕی و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی جیهان زۆر گونجاوە بۆ بەردەوامبوون لە سەرۆکایەتی، بەڵام کێشەی ئەوەی هەیە زۆر تووڕەیە و کەم رای بەرامبەر وەردەگرێت. یونس مەحموود، خۆشەویستە و یاریزانێکی گەورە بووە، لەڕووی کارگێرییەوە ماویەتی، هەرچی ئەیاد بنەیانە راستە زۆر بەهێز نییە لەڕووی جەماوەرییەوە، بەڵام لەڕووی کارگێرییەوە کەسێکی زۆر گونجاوە".
 
لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراق پۆستی دوو جێگری سەرۆک هەیە، بۆ جێگری یەکەم هەریەک لە عەلی جەبار، سەرمەد عەبدولئیلا لەگەڵ فارس عەبدوڵڵا، وسام یوسف، حەکیم شاکر، سەعد عەبدولحەمید  بەربژێرن. بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەریەک لە محەممەد ناسر و عەلی جەبار بەربژێرن.
 
چاوەڕواندەکرێت هەڵبژاردنی ئەمجارە بەهێزترین بێت لە مێژووی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی زۆری ژمارەی بەربژێرەکان، کە 26 کەس خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەندامێتیی یەکێتییەکە بەربژێر کردووە و بریتین لە: یەحیا زغەیر، عیماد یاسین، بەدر ناسر، عەلی خەڵەف، خەڵەف جەلال، ئەحمەد قاسم، سەدام عەزیز، مەحموود ئەحمەد، فیراس نوری، سابرین حامد، رەحیم لەفتە، مالح مەهدی، کامل زغەیز، غالب عەباس، رەشا تاڵب، یەحیا کەریم، کامل زغەیز، فەرقد عەبدولکەریم، ئەحمەد عۆدە، نەعیم سەدام، عەلی حوسێن، گۆڤەند عەبدولخالق، تەنیا حەسەن، غانم عرێبی، تەها عەبدولحەکیم و فیراس رازی.
 
هەرێمی کوردستان 5 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەیە، لە دهۆک ئەحمەد قاسم، کە سەرۆکی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقە و لەو شارە دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، تەها عەبدولحەکیم، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ ئەویش دەیەوێت کورسی ئەندامێتی وەربگرێت. 
 
دوو بەربژێرەکەی دیکە لە شاری سلێمانین، هەریەک لە مەحموود ئەحمەد، ناسراو بە حاکم مەحموود جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە و بۆ یەکەمجار دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق. دکتۆر تەنیا حەسەن، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و پسپۆر لە پەروەردەی وەرزش ئەویش بەربژێرە بۆ ئەندامێتیی یەکێتییەکە. 
 
لە هەولێر گۆڤەند عەبدولخالق مەسعود بەربژێرە کە ئێستا خۆی ئەندامە و جارێکی دیکە بۆ ئەندامێتیی یەکێتییەکە خۆی بەربژێر کردووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە