رووداو دیجیتاڵ
تاکیفوسا کوبۆ، ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی ژاپۆن قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت "بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت نازناوی جامی ئاسیا ببەینەوە."
کوبۆ لە دوای بردنەوە زەحمەتەکەیان بەرامبەر ڤێتنام بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیکرد و گوتی "بەدڵنیاییەوە ئامانجی ئێمە ئەوەیە نازناوەکە ببەینەوە، بەڵام وەک ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ڤێتنام بینیما، نابێت هیچ هەڵبژاردەیەک بە کەم بزانین، چونکە ڤێتنام یارییەکی زۆرباشی ئەنجامدا، بەتایبەت لە نیوەی یەکەمدا لە ئێمە زیاتر تۆپیان لەلابوو."
لە وەڵامی پرسیارێکدا رووداودا کە چۆن خۆیان بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق ئامادەدەکەن؟ کوبۆ گوتی " نازانم، دەبێت یارییەکەی عێراق بەرامبەر ئیندۆنیزیا ببینین بۆ ئەوەی بزانین پلانی ئەوان چییە و چۆن یاری دەکەن."
ئەستێرەکەی یانەی ریال بێتیس زیاتر گوتی "ئێمە زانیاریمان لەبارەی ڤیێتنامەوە هەبوو، بەڵام ئەوان باشتر لەوە یارییان دەکرد کە پێشبینیمان دەکرد، بۆیە دەبێت لە یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا، چاودێری عێراق بکەین."
هەڵبژاردەی ژاپۆن لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیادا، بە زەحمەت بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە هەڵبژاردەی ڤێتنامی بردەوە و یەکەم سێ خاڵی بەدەستهێنا، رۆژی هەینی لە دووەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات.
تاکیفوسا کوبۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ژاپۆن، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکەیە، پێشتر لە یانەی ریال مەدرید یارییکردووە و ئێستا یاریزانی یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانییە، نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ و گرانترین یاریزانی ئێستای نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ