رووداو دیجیتاڵ
ئەو گەنجە کوردەی لەتاو هەراسانکردنی هاوپۆلەکانی لە ئەڵمانیا خۆی فێری یاریی کیک بۆکسینگ کرد، ئێستا بووەتە یەکێک لە ناسراوترین پاڵەوانەکانی کیک بۆکسینگ و ئێم ئێم ئەی.
جیهاد ئاکیپا لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە ئەڵمانیا کێشەیەکی هەبوو؛ لە قوتابخانە قوتابییان بێزاریان دەکرد و گاڵتەیان پێدەکرد. ئەو هێزی ئەوەی تێدا نەبوو داکۆکی لە خۆی بکات، بۆیە بڕیاری دا بچێتە خولێکی فێربوونی کیک بۆکسینگ. دوای ئەوە، بە ماوەیەکی کەم خۆی لەسەر سەکۆی کێبڕکێی کیک بۆکسینگ لەگەڵ کەسانی ناسراوی ئەڵمانیا بینییەوە.
دواتر وایلێهات نەک چیدیکە کەس بێزاری نەدەکرد، بەڵکو وەکو قارەمانێکیش تەماشا دەکرا. ئێستا جیهاد 49 سەرکەوتنی لە یاری و خولە جیاجیاکاندا بەناوی خۆی تۆمار کردووە. بەم دواییانەش رووی کردووەتە یارییە جەنگییە تێکەڵاوەکان و لەوێش چەند رۆژێک پێش ئێستا بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکەوتنێکی نوێی تۆمار کرد.
ئاکیپا، قارەمانی ئەورووپای کیک بۆکسینگ، میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی لە ژیانی خۆی و گەیشتنی بە لووتکەی ئەم وەرزشە کرد، ئەوەش کە چۆن ئاڵای کوردستان دەکاتە بەشێک لە سەرکەوتنەکانی. جیاواز لە زۆربەی وەرزشکارانی دیکە، ئەو تەنیا خۆی بە یارییەکانەوە سەرقاڵ ناکات، بەڵکو ڤیدیۆ و وێبسایتی تایبەتی هەیە و ژیانی رۆژانەی خۆی پێشانی هەوادارانی دەدات.
جیهاد لە شاری ئۆستایمی ئەڵمانیایە و لەوێ لەدایکبووە، باسی لەوە کرد چۆن لە تەمەنی منداڵییەوە رووبەڕووی هەراسانکردن بووەتەوە. دەڵیت، "کاتێک منداڵ بووم، زۆر کەس ئازاریان دەدام. لە قوتابخانە زۆر لاواز و بێهێز بووم، رەحم و بەزەیی نەبوو. هەموویان گەورەتر بوون و کاریان تێدەکردم. ئەمە وای کرد بڕیار بدەم رێگەیەک بدۆزمەوە بۆ بەرگری لە خۆم."
ئەو وەرزشڤانە کوردە ئاماژەی بەوە دا، لە قوتابخانە دەستی بە وەرزشی کیک بۆکسینگ کردووە، "لەو کاتەوە دەستم بە وەرزش کرد، ژیانم گۆڕا. پاش ئەو ئازارانەی چەشتم، ناوبانگم دەرکرد. وەرزش دیسپلینی پێدام و قوتابخانەشم باشتر بوو. هەموو شتێک بەرەو باشتر رۆیشت."
سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ یارییەکان، جیهاد روونیکردەوە، سیستمێکی تایبەتی هەیە، "پێویستە 12 هەفتە خۆت ئامادە بکەیت. هەندێک کات تەنیا راهێنانی قورس دەکەیت، هەندێک کات خێرایی، هەندێک کاتیش رێجیمی خۆراکی دەستپێدەکات. کێشی ئاساییم 90 کیلۆیە، بەڵام بۆ یارییەکان دەیبەمە 77 کیلۆگرام. دەگەمە 84 - 85 کیلۆگرام و دواتر بە رێگەی خۆوشکردنەوە کێشەکەم کەم دەکەمەوە."
لەبارەی کارەکەیەوە، جیهاد ئاکیپا، پاڵەوانی کیک بۆکسینگ و MMA روونیکردەوە، ژیانی تەنیا وەرزش نییە، "خاوەنی کۆمپانیایەکی پاککردنەوەی سیستمی هەواگۆڕکێم. ئەم کارە وای کردووە بتوانم سەربەستانە وەرزش بکەم. دەتوانم بچم بۆ تایلاند و سێ - چوار هەفتە راهێنان بکەم و دواتر بگەڕێمەوە سەر کارەکەم."
سەبارەت بە تیمەکەی، ئاکیپا ئەوەی خستەڕوو، هەموویان ئاڵای کوردستانیان لەسەر سنگە، هەرچەندە کورد نین، "مەرج نییە لەسەریان، بەڵام ئەوان لە 12 هەفتەی ئامادەکاریدا وەک بران؛ دەبنە بەشێک لە خەونەکانم، جا عەرەب بن یان تورک، گرنگ نییە، ئەوان لە دڵمدان و وەرزشەکەیان لەسەر شانە."
ئەو پاڵەوانە کوردە جەختی لەسەر گرنگیی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان کردەوە و گوتی، "بۆ من زۆر گرنگە ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە. وەک کوردێک لە منداڵییەوە زۆر ئازارم چەشتووە. کەس نەبوو پشتگیریم بکات. ئێستا دەمەوێت نموونەیەک بم بۆ منداڵانی کورد، دەمەوێت پیشانیان بدەم کە کورد دەتوانێت سەرکەوتوو بێت."
سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکانی، پاڵەوانەکە دەڵێت، "ناچار بووم ئەم وەرزشە بکەم بۆ بەرگری لە خۆم، بۆ دیسپلین و پێشکەوتنی خۆم؛ بەڵام ناخوازم ئەگەر منداڵم هەبێت ناچار بێت ئەم وەرزشەی من بکات. با ئەوان بەپێی حەزی خۆیان وەرزش بکەن، وەرزش پێویستە، بەڵام ناچار نین وەک من بکەن."
جیهاد ئاکیپا باسی لە خەونەکانی کرد و گوتی، "ئێستا لە ئەورووپا یەکەمم و لە ئۆکتاگۆن یاری دەکەم، کە گەورەترین رێکخراوی کیک بۆکسینگە لە ئەورووپا. لە دوایین یاریمدا 60 هەزار بینەر لە هۆڵەکەدا ئامادە بوون. خەونم ئەوەیە ببمە یەکەم کوردی چامپیۆنی UFC. تا دوا هەناسەم بۆ ئەو خەونە دەجەنگم."
هەرچەندە لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەڵام پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ کوردستان هەیە، دەڵێت، "هەموو ساڵێک لەگەڵ خێزانەکەم دەچین بۆ نسێبین. سەردانی مێردین دەکەین کە شارێکی زۆر جوانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ