شەڕکەرێکی ئەمریکی هەڕەشە لە مێسی دەکات

15-02-2025
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لۆگان پۆڵ، یوتوبەر و بۆکسێنەری بەنێوبانگی ئەمریکی، چاڵنجێکی سەیر و نامۆی ئاراستەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی کرد بۆ ئەوەی لەنێو رینگەکانی بۆکسێندا شەڕبکەن.
 
ئەو ئاڵنگارییەی پۆڵ لەکاتێکدایە شەڕێکی یاسایی لەنێوان کۆمپانیاکەی و کۆمپانیای خواردنەوە وزەبەخشەکەی مێسیدا هەیە، کە هەردوولا هەوڵدەدەن رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر یەکدی بگرنەبەر لەسەر مارکە بازرگانییەکانیان.
 
بەدرێژایی کاروانی وەرزشییەکەی، لیۆنێل مێسی لە یاریگاکانی تۆپی پێدا رووبەڕووی رکابەرە هەرە بەتواناکانی بووەتەوە، دیارترینیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی ئێستای یانەی نەسڕی سعودیە و پێشووی ریال مەدرید بوو، بەڵام ئەمجارە خۆی لە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی دیکە دەبێتەوە لە دەرەوەی جیهانی وەرزش، کە کەسێک هەوڵدەدات رکابەرییەکە بگوازێتەوە بۆ نێو رینگەکانی بۆکسێن.
 
لۆگان پۆڵ، کەسایەتییەکی بەنێوبانگی یوتیوب و شەڕکەرێکی پیشەگەرە، بە یارییە نماییشییەکەی بەرامبەر فلۆید مایوێزەر و دەرکەوتنەکانی لە WWE ناسراوە، کە دوایین دەستکەوتی بەشداریکردنی بووە لە بەرنامەی Royal Rumble 2025، کە تێیدا هەردوو ئەی جەی ستایلز و سی ئێم بانکی دەرکرد پێش ئەوەی لەلایەن جۆن سیناوە لە دووربخرێتەوە.
 
لە ڤیدیۆیەکی ئەم دواییەیدا لە سۆشیال میدیا، پۆڵ چاڵنجێکی بۆ ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی کرد بۆ ئەوەی لە یارییەکی بۆکسێندا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، دوای ئەوەی مێسی تۆمەتبار کرد بە کۆپیکردنی بیرۆکەی ئەو خواردنەوە وزەبەخشەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.
 
ئەو شەڕکەرە تەمەن 29 ساڵییە، سکاڵای یاسایی لەسەر مێسی تۆمارکردووە و بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە مێسی بیرۆکەی خواردنەوەکەی "پرایم"ـی لەو دزیوە.
 
مێسی لەم دواییانەدا پەردەی لەسەر خواردنەوەیەکی تایبەتی خۆی بە ناوی "Mas+" لادا، کە زۆر لە بەرهەمەکەی لۆگان پۆڵ دەچێت.
 

دوای بڵاوبوونەوەی بەراورد و جیاوازی، بەرپرسانی "Mas+" بڕیاریاندا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا لە دادگای نیویۆرک سکاڵا لەسەر "پرایم" تۆماربکەن و دامەزرێنەرانی پڕۆژەکەش پشتڕاستی دەکەنەوە کە هیچ پێشێڵکارییەکیان نەکردووە".
 
تەنانەت پرایمیان بەوە تۆمەتبارکرد کە تاکتیکی نادادپەروەرانە بۆ بازاڕکردن بەکاردەهێنن، و روونکردنەوەیەکیان پێشکەش کرد کە چۆن کڕیارەکان دەتوانن جیاوازی نێوان دوو خواردنەوە وەرزشییەکان بزانن.
 
تاوەکو ئێستا هێشتا بەڵگەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، هەروەها ئەنجامی سکاڵاکان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام لۆگان پۆڵ گەڕاوەتەوە بۆ ورووژاندنی ئەو پرسە و چاڵنجی بۆ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کردووە بۆ ئەوەی لەنێو رینگەکانی بۆکسێندا ناکۆکییەکەی نێوانیان یەکلابکەنەوە.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تیک تۆک بڵاوکراوەتەوە، لۆگان پۆڵ وەڵامی مانشێتێکی هەواڵەکانی دایەوە کە گوایە لەلایەن براندی مێسییەوە سکاڵای لەسەر تۆماردەکرێت.
 
ئەو لە ڤیدیۆیەدا بە مێسی دەڵێت "برا، تۆ ئەو کەسەی کە کۆپی بەرهەمەکەی ئێمەت کردووە، هەمووان بینیویانە، ئەوان ئەوەیان بینی کە تۆ چیت کردووە، ئێمەش ئەوانەین کە سکاڵامان لەسەر تۆمارکراوە؟ بزانە، ئەوە نادادپەروەرییە، دیارە ئێمە سکاڵای پێچەوانەمان تۆمارکردووە. ئەگەر تۆ ناتوانیت لە باشترینەکان ببەیتەوە، دەبێت باشترین بیت، بەڵام ئەوە نایاساییە، ئەوە دیزاینی ئێمەیە، ئێمە بەرگری لەخۆمان دەکەین، و تۆ ئەوە بە بێزارکەر دەزانیت؟".
 
هەروەها پەیامێکی راستەوخۆی بۆ خاوەنی 8 باڵۆن دۆر نارد و گوتی "هەموو گاڵتەجاڕییەکان بە لایەکدا، بیر لە کشانەوەی ئەو داوایە دەکەمەوە ئەگەر لۆگان پۆڵ و لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2025 شەڕێک بکەن، لەنێو رینگەکاندا دەتبینم براکەم".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە