رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کە دەیەوێت بەباشترین شێوە بەشداری لە مۆندیالی یانەکان بکات، رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ بووەتەوە، پاشئەوەی یاریزانێکی یانەکە بەهۆی سکانداڵێکی سێکسییەوە، بانگهێشتی دادگا کرا.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دەسەڵاتدارانی یاسایی ئیسپانیا، دۆسێی لێکۆڵینەوەی فەرمییان لە دژی راول ئەسێنسیۆی بەرگریکەری یانەی ریال مەدرید کردووەتەوە، پاشئەوەی تۆمەتبارکرا، بەڤیدیۆگرتن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سێکسکردنی سێ یاریزانی ئەکادیمیای ریال مەدرید لەگەڵ کچێک.
چیرۆکەکە بۆ مانگی نۆی ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کاتێک سێ یاریزانی نەناسراو لە نێو ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید دەستگیرکران، پاشئەوەی دایکی کچێكی نەوجەوان، سکاڵای لەسەر تۆمارکردن بەهۆی سێکسکردن لەگەڵ کچەکەی و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کاتی سێکسکردنەکە.
لە دۆسێی دادوەری دۆسێیەکەدا کە لە دادگای سان بارتۆلۆمێ دی تیراگانا لە دوورگەی گران کەناریا دەرچووە، هاتووە، "چوار یاریزانی تۆپی پێ تۆمەتبارکراون بەتۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ناوەڕۆک سێکسیی، کە ئافرەتێکی خوار هەژدە ساڵان و ئافرەتێکی دیکەی تێدایە" تەمەنیان لە نێوان 16 و 18 ساڵانە.
دادوەر ناوی راول ئەسێنسیۆی لە دۆسێیەکەدا نەهێناوە، هەروەها ناوی ئەوانیدیکەشی ئاشکرانەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو چوار یاریزانە پێشتر لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا بانگکراون بۆ لێکۆڵینەوە.
لە جاری یەکەمی بانگکردنیدا لەلایەن دادوەرەوە، ئەسێنسیۆ سەرەتا وەک شایەدحاڵ بانگکرابوو، بەڵام ئێستا وەک تۆمەتبار و تێوەگلاوێک لە رووداوەکە دەبێ بچێتە بەردەمی دادوەر.
میدیاکان پێشتر ئاشکرایانکردووە، ئەو کەسانەی لەگرتە ڤیدیۆییەکەوە گلاون، رەزامەندانە کارەکەیان لەگەڵ دوو ئافرەتەکەدا کردووە، بەڵام بەبێ ئاگاداریی خۆیان گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکراوەتەوە و یەکێکیان تەمەنی لە 18 ساڵ کەمترە.
سەرچاوەکان دەڵێن، بەئەگەری زۆرەوە ئەسێنسیۆ بەهۆی ئەو دۆسێیەوە ناتوانێت لەگەڵ ریال مەدرید گەشتی ئەمریکا بکات بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان.
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو بەرگریکەرە لاوە، دەبێ لە ئیسپانیا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارێزەرەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئامادەبێت بۆ قسەکردن لەسەر رووداوەکە و بەوەش ناتوانێت لە مۆندیالی یانەکان لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بێت.
لە دوایین یاریی کلاسیکۆدا، کە لە نێو یاریگەی مۆنتوجویک ئەنجامدرا و بارسێلۆنا 4 - 3 لە ریال مەدریدی بردەوە، هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا هاواریاندەکرد، 'ئەسێنستیۆ بۆ بەندیخانە'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ