3 جیاوازی گەورە لەنێوان رۆناڵدۆ و کوڕەکەیدا هەیە

15-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆنیۆر کریستیانۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوڕی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستی بە کاروانی پیشەگەری و ناوبانگ کرد و یەکەم یاریی خۆی بۆ پۆرتوگال ئەنجامدا، ئێستا پرسیارێک کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێت ئەوەیە ئایا جۆنیۆر دەتوانێت مێژووی باوکی دووبارە بکاتەوە؟ وڵامەکەی ئاسان نییە و دووبارە بوونەوەی کریسیش مەحاڵ نییە، بەڵام سێ جیاوازی گەورە لەنێوان ئەو باوک و کوڕەدا هەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی بەبەهرە و ویستی ئاسنینەوە چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئەفسانەیی لە جیهانی تۆپی پێدا نووسیوە و ئەمڕۆش کوڕەکەی کریستیانۆ جونیۆر شوێنپێی ئەو کەوتووە، بەڵام لە خاڵێکی تەواو جیاوازەوە دەستپێدەکات.
 
دوای یەکەم یاریی نێودەوڵەتی کریستیانۆ جونیۆر بۆ هەڵبژاردەی لاوانی پۆرتوگال، سەرنجەکان کەوتنە سەر ئەم دووانە باوک و کوڕە، کە تیشک دەخاتە سەر جیاوازییە بەرچاوەکانی نێوانیان.
 
کریستیانۆ جونیۆر یەکەم یاریی خۆی بۆ تیپی تەمەن خوار 15 ساڵانی پۆرتوگال بەرامبەر ژاپۆن ئەنجامدا و وەک باوکی درێسی ژمارە 7ـی لەبەردابوو، کە بەئەنجامی 4-1 بردیانەوە.
 
سێ تەوەری سەرەکی جیاوازی نێوان باوکێک کە بووەتە ئەفسانە و کوڕێک کە هەڵگری میراتێکی قورسە، ئاشکرا دەکەن.
 
ژیان
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی باوک لە گەڕەکێکی هەژار لە شاری فونچال لە مادێرا گەورە بووە. بارودۆخی ژیانی سەخت بوو، بەو پێیەی لە خانوویەکی بچووک لەگەڵ خێزانێکی گەورەدا دەژیا.
 
رۆناڵدۆ لە تەمەنی گەنجییەوە ناچاربوو خەبات بکات بۆ گەیشتن بە خەونەکەی، جگە لە بەهرە و خولیای تۆپی پێی  پشتی بە هیچی دیکە نەبەست. ئەم واقیعە سەختە کارەکتەری ئەوی لە قاڵبدا و ویست و ئیرادەیەکی نەگۆڕی لە ناویدا چاند.
 
لەبەرامبەردا کریستیانۆ جونیۆر ژیانێکی تەواو جیاواز دەژی. لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە، بەو پێیەی باوکی خاوەنی سامانێکی زۆر و ناوبانگێکی جیهانییە.
 
جونیۆر لە کۆشکی گەورەدا دەژی، دەچێتە باشترین قوتابخانە و دامەزراوە وەرزشییەکان، لە ئەکادیمیا پێشکەوتووەکانی تۆپی پێدا راهێنان دەکات، رێنمایی راستەوخۆ لە باوکی و راهێنەرە جیهانییەکان وەردەگرێت.
 
ئەو ژیانە خۆشە، سەرەڕای سوودەکانی، لەوانەیە لەو رۆحی شەڕانگێزییە بێبەشی بکات کە باوکی خاوەنی بوو، ئەگەرچی کریس ئامرازی بێهاوتای بۆ دابین دەکات بۆ سەرکەوتن.
 
هێزی جەستەیی
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی باوکی لە تەمەنێکی بچووکەوە جەستەیەکی لاوازی هەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە تێیدا گەورە بووە.
 
دوای ئەوەی پەیوەندی بە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن و پاشان مانچێستەر یونایتدەوە کرد، دۆن کاری کرد بۆ پەرەپێدانی ماسوولکەکان و هێزی خۆی، بووە یەکێک لە یاریزانە بەهێزەکانی  جیهان لەڕووی جەستەییەوە، دوای دەستپێکردنی بەجەستەییەکی لاوازەوە.
 
ئەم تێکەڵە بەهرەی سروشتی و ماندووبوونە وایلێکرد باشترین یاریزان بێت لە جیهاندا.
 
لەبەرامبەردا کریستیانۆ جونیۆر لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا لەڕووی جەستەییەوە بەهێزتر بوو. لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا بەبەراورد بە باوکی لە هەمان تەمەندا باڵابەرز و بەهێزتر دەرکەوت.
 
بەهۆی راهێنانی چڕ و بەرنامە پێشکەوتووەکانی خۆراک، کریستیانۆ جونیۆر بەردەوامە لە باشترکردنی توانا جەستەییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو.
 
هەروەها باوکی بەوردی چاودێری دەکات و بەشداری لە مەشقەکانی دەکات، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ باشترکردنی هێز و لەشجوانییەکەی.
 
گوشاری دەروونی
 
کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستی بە ژیانی وەرزشی کرد، نەناسراو بوو، تەنیا کوڕێکی بەتوانای مادێرا بوو، یاری بۆ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن دەکرد بەبێ ئەوەی سەرنجی میدیاکان بەدوایدا بگەڕێت.
 
ئەم نەبوونی گوشاری میدیایی ئازادی گەشەسەندنی پێبەخشی و دەیتوانی هەڵە بکات و لێی فێربێت بەبێ ئەوەی هەموو هەڵەیەک ببێتە مانشێت.
 
سەبارەت بە کریستیانۆ جونیۆریش هەر لەکاتی لەدایکبوونەوە لەژێر چاودێری میدیاکاندایە. کوڕی یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووە، ئەوەش دەیخاتە ژێر گوشارێکی بێئەندازە.
 
هەر یارییەک کە ئەنجامی دەدات، هەر گۆڵێک کە تۆماری دەکات یان لەدەستی دەدات، دەکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوە و بەراوردکردنی بەردەوام لەگەڵ باوکی.
 
ئەم گوشارە میدیاییانەی دەتوانن ببنە بەربەستێکی دەروونی بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا، بەڵام لەهەمانکاتدا پاڵپشتییەکی بێ هاوتای باوکی و تیمەکەی هەیە، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە