رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دێت دەنگۆکان لەدژی لامین یامال بەرزتر دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونیدا کۆمەڵێک کورتەباڵای بەکڕێ گرتووە، کە هەندێک لە میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن "بەکرێی گرتوون بۆ کات بەسەربردن و پێڕابواردن". یەکێک لەو کورتەباڵانەش دەڵێت "وانییە، ئێمە مەیموون نین".
لە چەند کاژێری رابردوودا ئاهەنگی لەدایکبوونی لامین یامال، ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا مشتومڕێکی بەرفراوانی دروستکرد و تاوەکو دێت رەخنەکان زیاتر دەبن، چونکە بەوە تۆماتبار دەکرێت کە وەک بەشێک لە کات بەسەربردن، چەند کەسێکی کورتەباڵای بانگهێشت کردبوو.
یەکێک لە کورتەباڵاکانی بەشداربووی ئاهەنگەکەی لامين یامال لێدوانێکی ئاگرین و چاوەڕواننەکراوی لەدژی ئەوانە دا کە رەخنە لە یاریزانەکەی بارسێلۆنا دەگرن و گوتی "ئێمە مەیموون نین و لە ئاهەنگەکەدا کەس پێینەڕابواردین، ئەوانەی رەخنە دەگرن تەنیا دەیانەوێت رزقمان ببڕن".
کۆمەڵەی مافی کەسانی کورتەباڵا لە ئیسپانیا ADEE هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کۆمەڵایەتیی لەدژی لامين یامال کرد، بەبیانووی ئەوەی کە ئاهەنگەکەی لامین پێشێلکردنی شکۆی تاکەکانە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی دیکە ئاشکرایان کردووە کە لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستیپێکردووە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن یامالەوە لە ئاهەنگی لەدایکبوونیدا.
یەکێک لەو کەسە کورتەباڵایانەی لە ئاهەنگەکەی یامالدا بوون، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئیسپانیا گوتی "من لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیەدا نیم کە دەیەوێت سکاڵا لەسەر لامين یامال تۆماربکات، ئەوان هەوڵی سووکایەتیکردن بە خەڵکی کورتەباڵا دەدەن".
هەروەها گوتی "ماوەی چەند ساڵێکە، ئەم کۆمەڵەیە ئازارمان دەدات و دەیەوێت کارێک قەدەخە بکات کە هەموومان چێژی لێ وەردەگرین".
ئەو کورتەباڵایە درێژەی بەقسەکانی دا و گوتی "ئێمە مەیموون نین.. ئێمە تەنیا سەما دەکەین، خواردنەوە دابەش دەکەین و نمایشی سیحری پێشکێش دەکەین. هەر ئەوەندە ئێمە ئەم کارەمان خۆشدەوێت".
لە کۆتاییدا گوتی "هیچ کەسێک خراپەی بەرامبەر نەکردووین و تێناگەم بۆچی ئەم هەموو مشتومڕە دروست بووە. ئێمە خەڵکی ئاسایین، ئەوەی خۆمان حەزی لێ دەکەین ئەنجامی دەدەین، بەشێوەیەکی تەواو یاسایی".
یامال پێشتر وێنەی ئاهەنگێکی بچووکی خێزانیی بڵاوکردبووەوە بە ئامادەبوونی داپیرەی، کە مەغریبییە و ناوی فاتیمەیە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و لەسەرووی هەمووشیانەوە مونیر نەسراوی و دایکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ