لیڤەرپوول تاوەکو دوا هەناسە چاوەڕێی ئەلکانتارا دەبێت

15-09-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تیاگۆ ئەلکانتارا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول دەستبەرداری خەونی گواستنەوەی تیاگۆ ئەلکانتارا، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی بایرن میونشن نەبووە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بیگوازێتەوە ریزەکانی.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، لیڤەرپوول لەسەر هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە بەردەوامە، بۆ ئەوەش تاوەکو دوایین هەفتەی گواستنەوەی هاوینە چاوەڕێی دەکات و دەیەوێت یاریزانەکە لەم وەرزەدا بۆ ئەوان یاریی بکات.

ناوی تیاگۆ ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ لیڤەرپوول دەهێندرێت، بەڵام هێشتا یاریزانەکە لەگەڵ بایرن میونشن بەردەوامە و خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات، سەرەڕای ئەوەی کە یاریزانەکە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات و ئەزموونێکی دیکە تاقیبکاتەوە.

پێشتر بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن رایانگەیاندبوو، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو کە بگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ ئامادەن دەستبەرداری تیاگۆ ئەلکانتارا ببن، دوای ئەوەی یاریزانەکە بە یانەکەی راگەیاند کە دەیەوێت بڕوات و لە خولێکی دیکە یاریی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا بایرن هیچ دەستەوارەیەکی بەفەرمی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێنەگەیشتووە.

لەلایەن خۆیەوە یانەی مانچێستەر یونایتد داوای ئەو یاریزانە دەکات، بەڵام داواکارییەکانی تیاگۆ بەربەستیان خستووەتە بەردەم یانەکە، لەکاتێکدا ئامادەن داواکاریی بایرن میونشن جێبەجێبەجێ بکەن، بەڵام داواکاریی تیاگۆ بۆ پێدانی 200 هەزار پاوەند لە هەفتەیەکدا کێشەی بۆ یانەکە دروستکردووە.

تیاگۆ ئەلکانتارای 29 ساڵ لە 2013ـەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بایرن میونشنەوە کردووە، لە 235 یاریی ئەو یانەیەدا 31 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و لە وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا رۆڵێکی کارای لە یانەکەدا بینی بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە