رۆناڵدۆ سەرەڕای بردنەوە خەمبار و نیگەران دەرکەوت

15-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای یارییەکەیان بەرامبەر خلوود خەمگین و نیگەران دەرکەوت سەرەڕای ئەوەی یارییەکەیان بردەوە، دواتریش بەتەنیا و بێدەنگ دانیشت، ئەم کاردانەوەیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ترسی خستە دڵی هاندەرانی یانەی نەسڕەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، شەپۆلێک لە ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاندەرانی یانەکەی دروستکرد، سەرەڕای ئەوەی یانەکەی لە گەڕی دووەمی خولی پیشەگەرانی سعودیەدا بەئەنجامی 2-0 لە یانەی خلوودی بردەوە. کە گۆڵی یەکەمی نەسڕ لەلایەن سادیۆ مانێی سەنیگالی لە خولەکی 52 تۆمارکرا، پێش ئەوەی تیپەکە لە خولەکی 81 لەڕێگەی ئینیاگۆ مارتینێزی بەرگریکاری ئیسپانییەوە گۆڵی دووەم و بردنەوە تۆماربکات.
 
رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی ئاستێکی باشی لە یارییەکەدا پێشکێش نەکرد و نیشانەکانی خەم و ناڕەحەتی دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە لەسەری دەرکەوتن.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم یارییەدا دووەم خراپترین ئاستی لەنێوان هاوتیمەکانیدا پێشکێشکرد و هەروەها نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات، دوای ئەوەی لە 3 یاریی لەسەریەکدا گۆڵی تۆمارکردبوو.
 
هەندێک لە ستافی کارگێڕیی و هونەری نەسڕ دەستێوەردانیان کرد بۆ پشتگیریکردنی رۆناڵدۆ، کە پێدەچێت بەهۆی پێشکێشنەکردنی ئاستێکی باش کاریگەر بووبێت، پێش ئەوەی هەستێت و بە حاڵەتێکی دڵتەنگییەوە یاریگاکە جێبهێڵێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرەڕای نیگەرانی خۆی لەدوای یارییەکە پەیامێکی نایابی ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی کرد و لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" گرتە ڤیدیۆییەکانی ئاهەنگگێڕانی لەگەڵ هاندەران بەبۆنەی بەدەستهێنانی بردنەوەکە بڵاوکردەوە و نووسیبووی "پێکەوە دەجەنگین، پێکەوە دەبەینەوە، سوپاس بۆ هەمووتان لەسەر پشتگیریتان، با بەردەوام بین لەسەر ئەمە".
 
پێش یارییەکە، ماجد عەبدوڵڵا، ئەفسانەی پێشووی نەسڕ، خەڵاتی گۆڵکاری خولی رۆشنی سعودیە بۆ وەرزی 2024-2025 بە ئەفسانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەخشی.
 
بە بردنەوەی دوێنێ، یانەی نەسڕ بە 6 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولی پیشەگەرانی سعودیەی گرتووە،  بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ ئیتیحاد و خەلیج، لە کاتێکدا خولود بۆ پلەی پێشکۆتایی دابەزیوە بەبێ هیچ خاڵێک.
 
نەسڕ چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو رووبەڕووی ئیستیقلۆڵ دوشەنبەی تاجیكستانی ببێتەوە، لە یەکەم گەڕی کۆمەڵەی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2، لە یاریگای "ئەول پارک". کە لە کۆمەڵەی چوارەمدا لەگەڵ یانەکانی زەورای عێراقی، ئیستیقلۆڵ دوشەنبەی تاجیكستانی و گۆوای هیندستانی یارییەکانی ئەنجام دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە