کاتی ئیمپراتۆرە.. هەولێر یەکەم یاریی دەکات

15-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر یەکەم یاریی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر یانەی نەجەف یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگەی دهۆک میوانداریی یانەی نەجەف دەکات، یارییەکە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی هەولێر لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، گرێبەستی لەگەڵ باسم قاسم، راهێنەری بەنێوبانگی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەکە بکات و ژمارەیەک یاریزانی بە ئەزموونیشی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە گواستووەتەوە.
 
هەولێر دوای چەند ساڵێک دوورکەوتنەوە لە یانەکە جارێکی دیکە سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کوردستانی گەڕاندووەتەوە نێو پێکهاتەکەی، گرێبەستی مستەفا قابیل نوێکرایەوە، ژیار گۆڤەند پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد و هەریەکە لە جونیۆر ندوکای نایجیری، موعتەز زەدامی تونسی، مامادۆ دیارای فەرەنسی و شێرزود تەمیرۆڤی ئوزبەکستانی دیارترین یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەی هەولێرن.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "پێشتر لە هیچ یانەیەک رووینەداوە ئەم ماوە کەمەم بۆ ئامادەکاری هەبێت، قۆناخی ئامادەکارییەکانمان زۆرباش نەبوو و ماوەیەکی کەممان هەبوو، بەڵام ئامادەین بۆ یارییەکە."
 
لەبارەی ئەوەی یارییەکەیان لە دهۆک ئەنجامدەدەن و دەگەڕێتەوە یاریگەی ئەو یانەیەی کە نازناوی خولی عێراقی لەگەڵ بردنەوە، باسم قاسم گوتی "هاندەرانی ئازیزی دهۆک، دڵنیام لەوەی کە پشتگیری هەموو یانەکانی کوردستان دەکەن و ئەوەش مافێکی سرووشتیی خۆیانە و من و ئەوان پەیوەندییەکی تایبەت و چاکەمان بەسەریەکدییەوە هەیە، کە ئەوان و پشتگیریی گەورەیان هاوکاربوو بۆ ئەوەی کاتی خۆی نازناوی خولی عێراق لە یانەیەکی گەورەی جەماوەریی وەک یانەی تەڵەبە ببەینەوە لەنێو یاریگەی شەعب و بەبوونی هەشت یاریزانی کوڕی شارەکە لە تیپەکەدا، لەبەرئەوە من دڵنیام ئەوان دێن  و پشتگیریی یانەی هەولێر دەکەن ، لەبەرئەوەی لە کوردستانە و دڵنیاشم لەوەی دێن پشتگیریی راهێنەری پێشووی خۆیان، باسم قاسم دەکەن."
 
یانەی هەولێر لە قۆناخی خۆ ئامادەکردندا دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر دهۆک و یارییەکی بەرامبەر یانەی روومادی ئەنجامدا، لە هەرسێ یارییەکەدا هەولێر یەکسانبوو.
 
ئەم یارییە دەبێتە سێیەم یاری لە سێ رۆژدا لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی یاریی نەورۆز و کارەبا، دهۆک و گەرمە لەو یاریگەیە بەڕێوەچوون.






 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە