بەڵایەکی دیکە لە لاماسیاوە بەڕێوەیە.. 145 گۆڵ لە 52 یارییدا

15-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیستینی کۆسیسۆ لاماسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لاماسیا رۆژ بە رۆژ جیهانی تۆپی پێ بە بەرهەمهێنانی بەهرەی نوێ دەترسێنێت و ئەمجارەش بارسێلۆنا گەوهەرێکی نوێ دەدۆزێتەوە، کە 145 گۆڵی لە 52 یاریدا تۆمارکردووە.
 
یەکێک لە باشترین ئەکادیمیایەکانی تۆپی پێ، قوتابخانەی لاماسیای یانەی بارسێلۆنایە، کە چەندین ئەستێرەی گەورەی پێگەیاندووە، دیارترینیان لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، ئەندرێس ئینێستا، چاڤی هێرناندێز و زۆربەی یاریزانانی نەوەی زێڕین کە لەنێوان ساڵانی 2008 و 2012 لەلایەن راهێنەری ئیسپانی پێپ گواردیۆلا سەرکردایەتی دەکران.
 
ئێستا لامین یامال دیارترین دەرچووی قوتابخانەی لاماسیایە و هێشتا چەندین بەهرەی دیکەشی هەیە و دەبنە داهاتووی بارسا.
 
ناوێکی نوێی ئەو ئەکادیمیایە بەهۆی ژمارە و ئامارەکانییەوە سەرنجی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راکێشاوە، ئەویش دیستینی کۆسیسۆیە، کە تەمەنی 11 ساڵە. لە دوو وەرزی رابردوودا 145 گۆڵی لە 52 یارییدا تۆمارکردووە.
 
دیستینی کۆسیسۆ لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات و بەخێرایی و لێهاتوویی سەرنجڕاکێشی خۆی سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، ئەمەش وایکردووە هەندێک کەس پێشبینی ئەوە بکەن کە لە چەند ساڵێکی کەمدا بچێتە ریزەکانی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، وەک ئەوەی بۆ لامین یامال روویدا.
 
دوو وەرزی پێش ئێستا، لەگەڵ تیپی خوار 10 ساڵان (A)، دیستینی 87 گۆڵی لە 22 یارییدا تۆمارکرد و لە وەرزی رابردوودا 58 گۆڵی لە 30 یاریی خولی لەگەڵ تیپی خوار 11 ساڵان تۆمارکرد. هەروەها چەندین گۆڵی دیکەی لە پاڵەوانێتییە دۆستانەکاندا زیادکرد. ئەم ژمارانە شوێنی ئەو منداڵە وەک یەکێک لە باشترین گۆڵکارەکانی لاماسیا پشتڕاست دەکەنەوە.
 
کۆسیسۆ لە نایجیریاوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای بارسێلۆناوە کرد، دوای ئەوەی ئەزموونێکی کورتی لەگەڵ مۆنتانیسا بینی، کە لە خولی پلە سێ یاری دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، راهێنەرانی بارسێلۆنا لە سەرجەم ئاستە تەمەنییەکاندا نازناوی ئەستێرەی داهاتووی یانەکەیان بە کۆسیسۆ داوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا جێگرەوەی لامین یامال دەبێت لەسەر ئاستی سەرنجی میدیایی.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی سەبارەت بە یاریزانە گەنجەکە رایگەیاند "پەرەسەندن و گەشەکردنی دیستینی بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەڕێوەدەچێت و لە سەرەتای ئەم وەرزەدا دووبارە پشتڕاستی دەکاتەوە کە گۆڵکارێکی سروشتییە، باشترین نموونە ئەم هەفتەیە بوو لە سیانزەهەمین چاپی پاڵەوانێتی جۆردی پیتارک سیبرێ، کە تێیدا هێرشبەرەکە نماییشێکی نائاسایی پێشکێشکرد و بارسێلۆنای بەرەو بردنەوەی نازناوەکە برد، دوای بەشدارییەکەی لە سەرکەوتن بۆ قۆناخی کۆتایی، دوو گۆڵی لە قۆناغی پێش کۆتایی تۆمارکرد، پاشان هاتریکێکی لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر کۆرنیا تۆمارکرد، کە 7-1 بردیانەوە، ئەمەش وایکرد شایستەی خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بێت".
 
دیستینی کۆسیسۆ بچووکترینە لە سێ برا، و هەموویان بەهرەی خۆیان لە ریزەکانی بارسێلۆنادا نیشانداوە. برای ناوەڕاست دیڤاین ئیکێننایە، یاریزانێکی تازەپێگەیشتووانە و ئەویش داهاتوویەکی گەشاوەی هەیە. پێشتر بانگهێشت کراوە بۆ پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 15 ساڵان بۆ راهێنان. برا گەورەکەش دەیڤید ئۆبینا، کە وەرزی رابردوو گواسترایەوە بۆ یانەی کۆرنیا، هەرسێکیان هێرشبەرن و لەلایەن ئەلێکساندەر زهاڤی و شای لۆگاسی لە کۆمپانیای گۆڵ ئینتەرناشناڵ کە سەر بە بەڕێوەبەری کاری یاریزانان بنی زهاڤییە نوێنەرایەتی دەکرێن.
 
لە بارسێلۆنا بەرپرسان سەرسامی زۆریان بە ئاستی دیستینی کۆسیسۆ نیشانداوە و لەم وەرزەدا هەلێکی دەبێت بۆ بەردەوامیدان بە باشترکردنی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ تیپی بارسای خوار 12 ساڵان.
 
دیالۆ 'ئیتۆی نوێ'ـش هەیە
 
بەر لە دوو مانگ، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی تیشکی خستبووە سەر بەهرەیەکی نوێی ئەکادیمیای لاماسیای یانەی بارسێلۆنا، کە بە ساموێل ئیتۆی ئەفسانەی کامیرۆنی و ئەستێرەی پێشووی یانەکەوە دەناسرێت.
 
رۆژنامەکە ئەوکات لەبارەی ئەوە یاریزانەوە نووسیویەتی "یاریزانەکە ناوی فۆدێ دیالۆیە، لە شاری سابادێل لەدایکبووە و بەڕەچەڵەک خەڵکی غینیایە. ئەم هێرشبەرە لاوە تەمەنی تەنیا 13 ساڵە و بە یەکێک لە هیوا هەرە دیارەکانی هێڵی هێرشبردنی بارسێلۆنا لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەنرێت".
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "دیالۆ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کردووە، لەو کاتەوە بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی کردووە و ژمارە و ئاماری باوەڕپێنەکراوی تۆمارکردووە".
 
دیالۆ لە وەرزی 2023-2024 کە هێشتا لە ئاستی تازەپێگەیشتوواندا بوو، هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاند و لە 30 یارییدا 96 گۆڵی تۆمارکرد، ژمارەیەک کە نە لامين یامال و نە لیۆنێل مێسی لە باشترین وەرزەکانیاندا پێی نەگەیشتوون. 
 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە "نازناوی 'ئیتۆی نوێ'ـیان لێناوە و ئەمەش بێ هۆکار نییە؛ دیالۆ هێرشبەرێکی خێرا، بەهێز و بەتوانایە. توانایەکی زگماکیی گۆڵکردنی هەیە، گۆڵێک دەکات و یەکسەر بیر لە گۆڵی دووەم دەکاتەوە. لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنادا، یادەوەریی هێرشبەرە ئەفسانەییەکەی کامیرۆن دەهێنێتەوە یاد، بەڵام وادیارە فۆدێ بەنیازە مێژوویەکی تایبەت بەخۆی لەنێو یانەکەدا بنووسێتەوە".
 
لە 30 یارییدا 96 گۆڵی کردووە
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە "دیالۆ لە کاتی گۆڵکردن لەسەر شێوازی فێران تۆرێس ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵام براکەی روونیکردووەتەوە کە ئەمە لاساییکردنەوە نییە، بەڵکو ستایلێکی ژیانە کە لەگەڵ خێزانەکەی پەیڕەوی دەکات. فۆدی باش دەزانێت کە دەیەوێت رۆژانە پێشبکەوێت و بەورەیەکی بەرزەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی دەدات، بێ ئەوەی هەرگیز رەچەڵەکی خۆی لەبیربکات".
 
ئەو رۆژنامە ئیسپانییە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "ئەم عەقڵییەتە لە ماڵەوەشیاندا بەڕوونی دیارە، وەرزش بەشێکە لە ناسنامەی ماڵباتی دیالۆ: عەبدۆی برا گەورەی لە تیپی لاوانی مایۆرکا یاری دەکات. بالا موسای ئامۆزاشی لە تیپی لاوانی ئیسپانیۆلە. هەموو شتێکیش هەر تۆپی پێ نییە، فاتۆی خوشکی لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیداندا دەدرەوشێتەوە و لە پێشبڕکێی بازدانی بەرزی ئیسپانیا بۆ ئاستی تەمەنی خوار 20 ساڵان، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە