هەولێر و نەورۆز چاویان لە یەکەم سەرکەوتنە

15-10-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی نەورۆز
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ لە دووەمین گەڕی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق، کاژێر 19:30 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری میوانداری یانەی کارەبا دەکات. نەورۆزیش لەنێو یاریگەی زەورا لە بەغدا میوانداری کەرخ دەکات.
 
یانەی هەولێر بۆ وەرزی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ 15 یاریزان واژۆکردووە و تیپێکی نوێی بۆ نزار مەحروسی راهێنەری سوری دروستکردووە، لەنێو یاریزانانی هەولێریش چوارییان پیشەگەرن.
 
یانەکەی پایتەختی کوردستان، لە یەکەم یاری وەرزی نوێی خولی عێراقدا نەیتوانی تامی بردنەوە بکات و بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی کەربەلا دۆڕا. 
 
یانەی کارەبا دوو وەرزە لەژێر سەرپەرشتی لوئەی سەڵاحی راهێنەرە، کە دووەم گۆڵکاری مێژووی یانەی هەولێرە، بۆ ئەم یارییە تیپەکە تامەزرۆی یەکەم بردنەوەیە لە وەرزی نوێ، لەبەرئەوەی کارەباش یەکەم یاری بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفتی ناوەڕواست کۆتاییهات. 
 
دوێنێ هەینی دوای گەیشتنی شاندی یانەی کارەبا بۆ شاری هەولێر، تیپەکە ویستی دوایین یەکەی مەشقی لەسەر یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری بکات، بەڵام یانەی هەولێر ئامادەنەبوو دەرگای یاریگەکە بە رووی کارەبادا بکاتەوە. 
 
جەلیل زێدان، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی کارەبا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیای رووداو رایگەیاند "ئێمە بەشێوەیەکی زۆرباش بۆ یارییەکە ئامادەین، ئەو کارەی یانەی هەولێر بەڕاستی جێگای سەرسوڕمانە و عەیبەیە بۆیان، بەپێی ئەو پەیوەندییە جوانەی هەمانە لەنێوان هەموو یانەکاندا رۆحی هاوکاری هەیە و ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ یانەی هەولێر و هەموو یانەکان بێن داوای یاریگە بکەن".
 
ئەو گوتیشی "خۆزگە ئەمە رووی نەدابایە و ئێمە مێژووییەکی جوانمان لەگەڵ هەولێر هەیە، چونکە من وەک راهێنەر و لوئەی سەڵاح وەک یاریزان خزمەتێکی زۆری شارەکەمان کردووە". 
 
بۆ ئەم یارییە یانەی هەولێر بڕیاریداوە هاتنە ژوورەوەی هاندەران بە بلیت بێت، بلیتەکان 3 جۆرن یەکەمیان نرخەکە 2000 دیناری عێراقییە کە بلیتی ئاساییە، دووەمیان  نرخەکەی 50000 دینارە کە شوێنی ڤی ئای پییە، جۆری سێیەمی بلیتیەکان نرخی 100000 دینارە کە شوێنی ڤی ڤی ئای پییە. 
 
هەردوو یانەی هەولێر و کارەبا لە مێژووی خۆیاندا لە 22 یاریدا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، ئەنجامەکان بەمشێوەیە بوونە: 
 
- 13 بردنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر
- یەک بردنه‌وه‌ بۆ كاره‌با
- 8 یه‌كسان بوون
- یانه‌ی هه‌ولێر 40 گۆڵی له‌ تۆڕی گۆڵی یانه‌ی كاره‌با تۆماركردووه‌.
- یانه‌ی كاره‌با 18 گۆڵی له‌ تۆڕی گۆڵی یانه‌ی هه‌ولێر تۆماركردووه.
- گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ كاره‌با 6-0 بووە، له‌ خولی نایابی عێڕاق، لە وه‌رزی 2008-2009، کە له‌ یاریگای نێودەوڵەتی شه‌عب لە بەغدا ئەنجامدرا.
 
هەر ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لەگەڵ کەرخ یاریدەکات، نەورۆز هیوای بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکەیە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆڕانەی لە گەڕی یەکەمدا بەرمابەر نەفتی بەسرە تووشی بوو، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، لەبەرئەوەی دوور لە هاندەرانی لە شاری بەغدا لەنێو یاریگەی زەورا یاریدەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە