رووداو دیجیتاڵ
دوای سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026، یاریزانانی هەڵبژاردەکە قسە بۆ رووداو سپۆرتس دەکەن و هۆکاری سەرنەکەوتنیان ئاشکرا دەکات و داوا لە هاندەرانیان دەکەن متمانەیان پێبکەن.
عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە بەبێ گۆڵ یەکسانبوو و تیپەکە چووە پاشکۆیەکی دیکەی پاڵاوتنەکان و دوو یاریی دیکە بەرامبەر ئیمارات دەکات بۆ ئەوەی بگاتە دوایین قۆناخی پاڵاوتنەکان، بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
دوای یارییەکە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق قسەیان بۆ رووداو سپۆرتس کرد، یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەکە دەڵێت "دوو یارییمان کرد، گۆڵمان لێنەکرا و چوار خاڵمان کۆکردەوە، گوناهە سەرنەکەوتین، هەموو شتێکمان کرد و یاریزانەکان زۆر رایانکرد و تەنیا یەک گۆڵ مابوو، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە جاری وایە دەیبەیتەوە و جاریش هەیە دەدۆڕێی، بەڵام مانگی داهاتوو هەموو شتێک لەدەست خۆمانە و پشتیوان بەخوا سەردەکەوین."
یوسف ئەمین گوتی "زۆر خۆشحاڵبووین ئەو هەموو هاندەرە هاتن بۆ ئەوەی پاڵپشتیمان بکەن، پشتیوان بەخوا مانگی داهاتوو هەمووان دڵخۆش دەکەین و دەگەینە مۆندیال."
لەبارەی چوونی بۆ خولی قوبرسی، یاریزانە کوردەکە بە رووداوی گوت "پێمخۆشبوو بگەڕێمەوە ئەورووپا، ئەوە بۆ هەڵبژاردەش باشترە و ئەمە ویستی منە."
لەلایەن خۆیەوە، زیدان ئیقبال، ئەستێرەی هەڵبژاردەکە دوای یارییەکە قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد و گوتی " ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد یارییەکە ببەینەوە، بەڵام ئەرکمان قورس بوو لەگەل هەڵبژاردەی سعودیە و ئەوان یارییەکی جوان دەکەن، کەمێک بارودۆخەکە شێوا و من لە خولەکەکانی سەرەتای یارییەکەوە کارتی زەردم بەڕوودا بەرزکرایەوە و ناوبژیوانەکە لە هەموو بارودۆخێکدا فیکەی فاوڵی بۆ هەڵبژاردەی سعودیە لێدەدا، بۆیە دەبوایە بە وریاییەوە یاری بکەم نەوەک کارتێکی دیکە وەرگرم و بکرێمە دەرەوە لە یاریگا."
ناوەڕاستکارەکەی عێراق زیاتر گوتی "ئیمە خاڵمان لەدەست نەدا، ئێمە تەنیا لەبەر ئەوە سەرنەکەوتین کە گۆڵی زۆرمان تۆمارنەکرد، من نەهاتوم پاساو بدۆزمەوە، یارییەکە کۆتاییهات، ناتوانین رابردوو بگۆڕین و دەبێت سەیری داهاتوو بکەین. یاریمان لەگەل ئیمارات دەبێت لە نێو یاریگەی خۆمان و ئەوان، ئێمە لە بەسرەش یاریمان دەبێت و ئەوە نییە تەنیا لە ئیمارات و سعودیە یاری بکەین، چاوەرێدەکەین بزانین چی روودەدات و پشت بە خوا براوە دەبین."
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی لە هەردوو یارییەکەی بەرامبەر ئیندۆنیزیا و سعودیەدا نەکرد و دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی " خەونەکەمان هێشتا زیندووە ، دەبێ هاندەران متمانەمان پێ بکەن، ئێمەی یاریزانان نیگەرانین بۆ هاندەرانمان لە عێراق و ئەوانەی کە لێرە لەگەڵمان ئامادە بوون، ئێوەش بێگومان وەکو میدیاکاران پاڵپشتتان کردین لەم دوو یارییەدا ئامادەبوون لە مەشقەکان و یاریگەدا ئامادەبوون."
ئەیمەن دەڵێت "شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵاوتنەکە زەحمەت بوو، چونکە زیاتر لە بەرژەوەندیی خاوەن یاریگە بوو، لەلایەنی پشوو وەرگرتن و هاندەرانەوە، بینیتان کە هاندەرانی ئێمەیان لە سەرەوە دانابوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە تۆپی پێیە و سوپاس بۆ خوا."
ئەیمەن حوسێن زیاتر گوتی "دوو یاری دیکەمان لە پێشە، داوای پاڵپشتی لە هاندەرانمان دەکەین، ئێمە پشوویەکی تەواومان وەرنەگرت و تەنیا دوو رۆژمان هەبوو، هەڵبژاردەی ئیماراتیش یارییەکیان بردەوە و دوو رۆژ دوای ئەوە یارییەکی دیکەیان کرد و لە رووی جەستەییەوە زۆر ماندووبوون، بەهۆی زەحمەتی و گوشاری یارییەکانەوە هەندێکجار یاریزانەکان ناتوانن ئاستی خۆیان بەتەواوی پێشانبدەن، بەڵام یاریزانەکانمان تاوەکو دوایین خولەک جەنگان و هەموو توانایەکی خۆیان پێشکێشکرد."
هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەوەی نەگەیشتە مۆندیال، مانگی داهاتوو دوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر ئیمارات ئەنجامدەدات، دوای ئەوە براوەکەیان دەچێتە دوایین قۆناخی پاڵاوتن کە 6 تیپ تێیدا بەشداردەبن و دوو هەڵبژاردە دەگەنە مۆندیال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ