رووداو دیجیتاڵ
تیپی تایکواندۆی هێزی هەولێر بەشداری پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی کراوەی قەتەر دەکات.
کێبرکێکە بە بەشداری سەتان یاریزانی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیا وڵاتانی عەرەبی بەسەرپەرشتی یەکێتیی تایکواندۆی ئاسیا بەهەواهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی جیهانی یارییەکە لە شاری دەوحە لە قەتەر رۆژی هەینی دەستپێدەکات و هەفتەیەک دەخایەنێت.
دوو مانگە یاریزانانی تیپی تایکواندۆی هێزی هەولێر لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدان، محەممەد مزەفەر راهێنەری لاو سەرپەرشتی تیپەکە دەکات و دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق دەیانەوێت میدالیای نێودەوڵەتی ببەنەوە.
محەممەد مزەفەر، راهێنەری تیپی هێزی تایکواندۆی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و دەمانەوێت بەنوێنەرایەتی کوردستان و بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکەمان میدالیای نێودەوڵەتی ببەینەوە، شانازی دەکەین کە لەو پاڵەوانێتییەدا وەک تیپێکی کوردی بەشدارین".
یاریزانەکان تەمەنیان بچووکە، بەڵام خەونی گەورە دەبینن، پێشتر ئەزموونی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی لە شاری رەزایەی ئێران تاقیکردووەتەوە و لەوێ پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
لەوەند شەمسەدین، یاریزانێکی ئاستبەرزی پشتێن رەشی تیپی هێزی تایکواندۆی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "ئێمە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەممان بردەوە و دەمەوێت لە قەتەر میدالیای زێڕ وەربگرم".
یەکێتیی تایکواندۆی هەولێر بەر لە گەشتی تیپەکە بۆ شاری دەوحە، رێنمایی و شێوازی مامەڵەی کارگێڕی و ناوبژیوانی بۆ یاریزانەکان روونکردەوە کە خاڵێکی کاریگەرە بۆ ئەنجامی تیپەکان.
مزەفەر ئەکرەم، سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی هەولێر لەبارەی ئاستبەرزی و پێشکەوتووی یارییەکەیان لە هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد "ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەموو راهێنەر و هۆڵەکانمان دەکەین، شانازیی بە بوونی ژمارەیەکی زۆری یاریزانی شارەکەمان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق دەکەین، سوپاسی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی بەردەوامی لە یارییەکەمان دەکەین".
یاریی تایکواندۆ لە 1970 گەیشتووەتە عێراق، لە 1986 لە هەولێر یارییەکە ئەنجامدراوە، ئێستا 35 هۆڵی یاریی تایکواندۆ لە پارێزگای هەولێر هەیە و زیاتر لە دووهەزار یاریزان بەردەوام یارییەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ