رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستیی پاڵەوانی ئەفسانەیی لەشجوانی، رۆنی کۆڵمان، براوەی هەشت نازناوی مستەر ئۆڵۆمپیا-یان ئاشکراکرد.
کۆڵمان لە 29ـی حوزەیران گەیێندرایە نەخۆشخانە و لە 1ـی تەممووز بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە گواسترایەوە، دوای ئەوەی خێزانەکەی رایانگەیاند کە تووشی هەوکردنێکی مەترسیداری خوێن بووە.
خێزانی وەرزشوانە 61 ساڵییەکەی لەشجوانی، کە هەفتەی رابردوو بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانە، رایانگەیاند کە ئەم وەرزشوانە مێژووییە پێویستە نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ بکرێت دوای تووشبوونی بە "هەوکردنی سووڕی خوێن".
لە 13ـی تەممووز، لە هەژماری فەرمی کۆڵمان لە ئینستاگرام، نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە بڵاوکرایەوە و ئاشکراکرا کە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستییەکەی "هەوکردنی گشتیی خوێن (سێپسس)"ـە.
"هەوکردنی گشتیی خوێن" دۆخێکی مەترسیدارە و لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، کاتێک روودەدات کە سیستەمی بەرگریی جەستە لە کاتی هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنێک، هێرش دەکاتە سەر جەستەی خۆی. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینێکی زۆری گوشاری خوێن و زیانگەیاندن بە سییەکان، گورچیلەکان، جگەر و ئەندامەکانی دیکەی جەستە.

لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن خێزانەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "ئێستا دۆخی گشتیی رۆنی کۆڵمان هێشتا مەترسیدارە، بەڵام جێگیرە، لەگەڵ نیشانەی بەردەوام بۆ باشبوونی پلە بە پلە. تیمی پزیشکی بەردەوامن لە کارکردن بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هەوکردنەکە، کە لەوانەیە چەند رۆژێکی بوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە رێگەی پشکنینی وردەوە. لە کاتی پشکنینەکاندا، پزیشکەکان کێشەیەکی تەندروستیی دیکەی شاراوەیان دۆزیوەتەوە کە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت".
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پێشبینی دەکرێت ئەم نەشتەرگەرییە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و تیمی پزیشکی متمانەیان هەیە کە ئەم هەنگاوە بەشێکی سەرەکییە لە پلانی چاودێریی گشتگیری دۆخی تەندروستی رۆنی. ئێمە بەهۆی خۆڕاگریی رۆنییەوە هیوامان لەدەست نەداوە و زۆر سوپاسگوزاری ئەو پشتگیرییە بێمەرجەین کە لە هەموو جیهانەوە پێمان دەگات. تکایە بەردەوام بن لەوەی رۆنی لە نزاکانتاندا بێت، لەکاتێکدا چاوەڕێی قۆناخەکانی داهاتووی چاکبوونەوەی دەکەین".
رۆنی کۆڵمان بە یەکێک لە باشترین وەرزشوانەکانی مێژوو دادەنرێت، دوای ئەوەی 8 جار نازناوی مستەر ئۆڵۆمپیای بەدەستهێنا و خاوەنی 26 نازناوە لە یەکێتیی نێودەوڵەتیی لەشجوانی و لەشڕێکی (IFBB).
کۆڵمان، کە هەوادارانی بە 'کینگ' یان 'پاشا' ناوی دەبەن، لەساڵی 2007 وازی لە یاریکردن هێنا دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی پاڵەوانێتییەکەی لە مستەر ئۆڵۆمپیا. لەساڵی 2016ـەوە ئەندامی هۆڵی نێوبانگی وەرزشیی نێودەوڵەتییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ