دوای 10 ساڵ و 23 نازناو.. لوکاس ڤازکێز ماڵئاوایی لە ریال مەدرید دەکات

16-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن لوکاس ڤازکێز
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە فەرمی ماڵئاواییکردنی لە لوکاس ڤازکێزی یاریزانی یانەکەی راگەیاند و بە "یەکێک لە ئەفسانە گەورەکانی یانەکە" وەسفیکرد. بڕیارە سبەی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بۆ هەمیشە کۆتایی بە کاروانی لەگەڵ یانە شاهانەکە بهێنرێت.


بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی کە یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە 17ـی حەوت، لە شاری ریال مەدرید لە ڤاڵدیبێباس، ئاهەنگێکی ماڵئاوایی و رێزلێنان بۆ ڤازکێز بەڕێوەدەچێت و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەش ئامادەی دەبێت.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ریال مەدرید دەیەوێت سوپاس و خۆشەویستیی خۆی بۆ لوکاس ڤازکێز دەرببڕێت، کە یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی یانەکەمان."

لوکاس ڤازکێز لە ساڵی 2007 کاتێک تەمەنی 16 ساڵ بوو، پەیوەندی بە ئەکادیمیای ریال مەدریدەوە کرد و لە هەموو ئاستەکانی لاواندا یاریی کرد هەتا گەیشتە تیپی کاستیا. دوای ئەوەی بۆ وەرزێک بە خواستن درایە یانەی ئیسپانیۆل، لە  2015 یەکەم یاریی خۆی بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید ئەنجامدا.

ئەو یاریزانە ، لە ماوەی 10 وەرزدا 402 یاری بە درێسی یانە شاهانەکەوە ئەنجامداوە،  بە یەکێک لە قۆناخە هەرە سەرکەوتووەکانی مێژووی یانەکە دادەنرێت و توانیویەتی 23 نازناوی گەورە بەدەستبهێنێت، کە بریتین لە: 5 چامپیۆنزلیگ، 5 جامی جیهانیی یانەکان، 4 سوپەری ئەوروپا، 4 لالیگا، 1 جامی شای ئیسپانیا و 4 جامی سوپەری ئیسپانیا.

فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید لەبارەی رۆیشتنی ڤازکێزەوە گوتی: "لوکاس ڤازکێز بە شێوەیەکی نموونەیی نوێنەرایەتیی ریال مەدرید دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە یاریزانە هەرە خۆشەویستەکان لای هاندەرانمان. کەسایەتیی لوکاس ڤازکێز سیمبولی کارکردن، خۆڕاگری، سادەیی و رۆحیەتی بردنەوەیە کە بۆ سەرکەوتن بەم درێسەوە پێویستن. ئەو یاریزانێکە کە خۆشەویستی و رێزی هەموو مەدریدییەک لەگەڵ خۆی دەبات. ریال مەدرید هەمیشە ماڵی ئەو دەبێت و دەمێنێتەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە